بارەگای “خاتم الانبیاء”؛ ئەو دامەزراوە سەربازییەی ئێران کە تەنها لەکاتی جەنگدا بەدیار دەکەوێت

٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ

بارەگای “خاتم الانبیاء”؛ ئەو دامەزراوە سەربازییەی ئێران کە تەنها لەکاتی جەنگدا بەدیار دەکەوێت

پەنجەرە 

دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران،  رۆژانە بینەر و گوێبیستی بەیاننامە توندەکانی بارەگای “خاتم الانبیاء” دەبین، کە لە لایەن وتەبێژەکەیەوە “ئیبراهیم زولفەقاری”ئاراستە دەکرێت و دەخوێنرێتەوە.

بارەگای “خاتم الانبیاء” لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا رۆڵی زیاتر دەردەکەوێت، لەکاتێکدا لە کاتی ئاساییدا ئەم دامەزراوە سەربازییە کەمتر ناوی دەهێنرێت.

بارەگای “خاتم الانبیاء” 

بارەگای “خاتم الانبیاء” ناوەندی فەرماندەییکردن و کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکانە، بەرپرسیارە لە پلاندانان و ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەکاتی جەنگدا، هەر بۆیە وتەبێژی ئەم بارەگایە ئێستا زۆرترین گوتاری هەیە. 

ئەم بارەگایە باڵاترین دەستەیە و ئەرکەکەی بریتییە لە فەرماندەییکردنی پرۆسە سەربازییە هاوبەشەکان، بەوپێیەی سەرپەرشتی هەمانگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران دەکات لە کاتی شەڕ و قەیرانی سەربازیی گەورەدا.  

بارەگای “خاتم الانبیاء” لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دامەزرێنراوە، ئامانج لێی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکانە لەنێوان هێزە جیاوازە سەربازییەکانی ئێراندا.

ئیبراهیم زولفەقاری

لەکاتی شەڕ و پێکدادانی سەربازیدا وتەبێژی هێزە چەکدارەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، لە بەرزکردنەوەی ورەی ناوخۆیی و ئاراستە کردنی وتارە سەربازییەکان بۆ دەرەوە و ناوەوەی وڵات.

بارەگای “خاتم الانبیاء” بەو پێیەی ناوەندی فەرماندەییکردن و کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکانە، بۆیە زۆربەی بەیاننامە سەربازییەکان لە زاری “ئیبراهیم زولفەقاری” وتەبێژییەوە ئاراستە دەکرێت.

 ئەرکی“ زەولفەقاری” خوێندنەوەی بەیاننامەی سەربازیی فەرمی و خستنەڕووی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان یاخود وەڵامدانەوەی پڕوپاگەندەی لایەنی بەرامبەرە، ئەمەش لەکاتی ئاڵۆزیی و پێکدادانی سەربازیدا.

زولفەقاری لە رێگەی میدیاوە هەڵوێست و پەیامە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتی ئێران ئاراستەی ڕای گشتی و میدیاکان دەکات، قسەکانیشی گوزارشت لە رای سەربازیی ئێران دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو