لە ماوەی مانگێکدا؛ کوژرانی ٦ هەزار و ٤١٠ سەرباز و ٨٩٠ هاوڵاتی سڤیل لە ئێران
٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ٦ هەزار و ٤١٠ سەرباز و ٨٩٠ هاوڵاتی سڤیل لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، لەوکاتەوەی کە شەڕ دەستیپێکردووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، زۆرترین هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت ئەنجامدراون.
هەنگاو دەڵێت؛ تا ئێستا شەش هەزار و ٤١٠ سەرباز کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، لوڕستان، ئەلبورز، خوزستان، ئەسفەهان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان، لوڕستان، کرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام و مەرکەزی تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٨٩٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ١٢.٢٪ی کۆی قوربانییەکان.
لە کۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٨٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ٢١٠ ژن پشتڕاست دەکاتەوە.