چین و روسیا؛ لە دۆستایەتی ئێرانەوە بۆ سودمەندبوون لەو هێرشانەی دەکرێنە سەری

٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ

چین و روسیا؛ لە دۆستایەتی ئێرانەوە بۆ سودمەندبوون لەو هێرشانەی دەکرێنە سەری

پەنجەرە

هەرچەندە چین و روسیا بە هاوپەیمانی سیاسی ئێران دادەنرێن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بۆ خۆ بەدوورگرتن لەرووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، تا ئێستا پاڵپشتی راستەوخۆی سەربازیی تارانیان نەکردووە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئێران شەڕ بۆ مانەوەی خۆی دەکات، لەکاتێکدا چین و روسیا بەرژەوەندییە ستراتیژیی و دوور مەوداکانی خۆیان لەبەرچاو دەگرن و بەپێی ئەو بەرژەوەندییانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.

شرۆڤەکاران دەڵێن، تا ئەمەریکا زیاتر سەرقاڵی شەڕ و پێکدادان بێت لەبەرژەوەندی چین و روسیادایە، بەوپێیەی فشاری سەر روسیا لە ئۆکرانیا کەمتر دەبێتەوە و چینیش هەنگاوی جدیتر بەرەو ئامانجەکانی دەنێت.

ئەوەی بەلای چینەوە گرنگە ئەو وڵاتانەن کە لەڕووی جوگرافییەوە نزیکن لێوەی، لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دەستخستنی وزە و بازرگانی بەکاردەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی لە سیاسەتی چینیدا شتێک نییە بەناوی هاوپەیمانی سیاسی.

چین تەنها پەیماننامەی ئەمنی لەگەڵ کۆریای باکوردا هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961، تەنانەت پابەندبوونیشی بەم پەیماننامە جێی گومانە.

چاودێران پێیانوایە هەرچەندە چین پێشتر چەکی بە ئێران داوە، بەڵام نزیکایەتی لەگەڵ تاران بەراورد ناکرێت بەو نزیکایەتییەی لەگەڵ روسیا و کوریای باکوردا هەیەتی، چونکە ئێران هاوبەشی ستراتیژی ئەمنیی نییە.

ئەوەشی چین بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە وزەیە، بەوپێیەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا کڕیاری 80%ی نەوتی ئێران بووە، لەکاتێکدا داخستنی گەروی هورمز کاریگەری لەسەر ئەم بازرگانییە داناوە.

پێدەچێت شەڕی ئێران لەڕووی سەربازییەوە بۆ چینییەکان گرنگ بێت، بەوپێیەی ئەمەریکا لەبری جوڵەکردن بۆ سنورەکانی و دروستکردنی گرفت بۆی، بەپێچەوانەوە رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

دۆخەکە بۆروسیا جیاوازترە و لەرووی وزەوە پشت بە ئێران نابەستێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیان سنوردارە، لەکاتێکدا لەرووی ئەمنیشەوە رێککەوتنی لەگەڵ بیلا روس و وڵاتانی تر هەیە.

هەرچەندە روسیا گرێبەستی لەگەڵ ئێران هەیە و چەند جۆرێک موشەکی پێداوە، بەڵام ئەم موشەکانەوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەوجۆرە لێیان ناڕوانرێت کە بتوانێت گەرەنتی پاراستنی وڵاتەکەیانی پێبکەن.

داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە سودی گەورەی بە روسیا گەیاندووە، بەوپێیەی چین و هندستان ناچار دەبن وزەی لێبکڕن، ئەمەش داهاتی گەورە بۆروسیا مسۆگەر دەکات.

سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بەشەڕی ئێرانەوە تەنها سودی ئابووری بۆ روسیا نەبووە، بەڵکو لەڕووی سەربازیشەوە فشارەکانی سەری لە قۆڵی ئۆکرانیاوە لاوازتربوون، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی تۆڵەکردنەوەشی بۆ رەخساوە تا لەرێگەی هەواڵگیرییەوە هاوکاری ئێران بکات.

چاودێران پێیانوایە چین و روسیا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە سود لە شەڕەکە وەربگرن و ناڕاستەوخۆش هاوکاری تاران بکەن، بەبێ ئەوەی بچنە نێو شەڕی راستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریکا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو