جان دۆست لەبەردەم شەپۆلێکی توڕەییدا؛ نووسەران و خوێنەران بایکۆتی بەرهەمەکانی دەکەن

١٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٥٩ پێش نیوەڕۆ

جان دۆست لەبەردەم شەپۆلێکی توڕەییدا؛ نووسەران و خوێنەران بایکۆتی بەرهەمەکانی دەکەن

پەنجەرە

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دژ بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ڕۆماننووس (جان دۆست) سەریهەڵداوە. ئەم ناڕەزایەتییانە تەنها لە چوارچێوەی ڕەخنەی ئەدەبیدا نەماونەتەوە، بەڵکو گەیشتوونەتە ئاستی بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی و داوای لێبووردنی فەرمی لەلایەن ئەو کەسانەی پێشتر کاریان بۆ ناساندنی کردووە.

نووسەر و وەرگێڕ (عەتا محەمەد)، کە یەکێک بوو لەو کەسە یەکەمانەی کە خوێنەرانی "سۆرانی زاراوە"ـی بە جان دۆست و ڕۆمانەکانی ئاشناکرد، لە نووسینێکی تونددا داوای لێبووردنی لە خوێنەران کرد و ڕایگەیاند کە پەشیمانە لە ناساندنی ئەم نووسەرە.

ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە جان دۆست تووشی "قەیرانێکی ئەخلاقیی قووڵ" بووە، بەوپێیەی لە کاتێکدا کورد لە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، ئەو بە شانازییەوە بەشداری لە پێشانگای کتێبی دیمەشقدا دەکات.

هاوکات، گرووپی (هاوڕێیانی خوێنەر) لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری بایکۆتکردنی گشت بەرهەمەکانی جان دۆستیان دا. 

ئەم گرووپە کە لە شاری سليمانییە، بڕیار بوو گفتوگۆ لەسەر ڕۆمانی "مەجنوونی سەلما" بکەن کە یەکێکە لە رۆمانەکانی جان دۆست، بەڵام چالاکییەکەیان هەڵوەشاندەوە و لەبری ئەوە بڕیاریان دا کتێبێکی "سەڵاحەدین دەمیرتاش" بخوێننەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیریکردنی ئەو نووسەرانەی لەپێناو دۆزی کورددا لە زیندانن.


هەڵوێستە مشتومڕاوییەکانی جان دۆست لە پرسی ڕۆژئاوادا

جان دۆست لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام ڕەخنەگری سەرسەختی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەو زۆرجار ئیدارەی ئەو ناوچەیەی بە "قۆرخکاریی حیزبی" تۆمەتبار کردووە و پێیوایە سیاسەتەکانی پەیەدە و پەکەکە زیانیان بە دۆزی کورد لە سوریا گەیاندووە.

خاڵی وەرچەرخان لەم دواییانەدا، بڕیاری بەشداریکردنی بوو لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا.

جان دۆست لە پۆستەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئەگەر کێشەکە لە دیمەشق بێت، چارەسەریش هەر لەوێیە"، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمەکەی شەرع لێکدرایەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەو نووسەرە لە کاتێکدا سەردانی دیمەشق دەکات کە سوپای سوریا و گروپە توندڕەوەکانی نزیک لە تورکیا (وەک عەمشات و حەمزات) کە جان دۆست بە نزیکبوونەوە لێیان تۆمەتبار دەکرێت، خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافی و چەوساندنەوەی کوردانی عەفرین و سەرێکانی و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوان.


جان دۆست کێیە؟

جان دۆست، نووسەر و ڕۆماننووس و وەرگێڕێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. ئەو یەکێکە لە ناودارترین ڕۆماننووسە کوردەکان کە بە هەردوو زمانی کوردی (کرمانجی) و عەرەبی دەنووسێت. بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

ئەو خاوەنی چەندین ڕۆمانە، گرنگترینیان بریتین لە:

١. میرنامە: کە باس لە ژیانی ئەحمەدی خانی دەکات و ناوبانگێکی زۆری لە باشووری کوردستان بۆ پەیدا کرد.

٢. کۆبانێ: ڕۆمانێکە دەربارەی بەرخودانی شارەکەی لە دژی داعش.

٣. مژاباد: دەربارەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد.

٤. عەفرین (رێڕەوی ئارام): کە باس لە داگیرکردنی شاری عەفرین دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو