براین ماست؛ ئەو کۆنگرێسمانەی ناوی چووە پاڵ دۆستانی کورد و شەقامی عەرەبی توڕەتر کرد

١٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٤٠ پێش نیوەڕۆ

براین ماست؛ ئەو کۆنگرێسمانەی ناوی چووە پاڵ دۆستانی کورد و شەقامی عەرەبی توڕەتر کرد

پەنجەرە

ئەو ناوێکی ناسراو نەبوو لای کورد، بەڵام بەهۆی بەرگریکردنی لە رۆژئاوای کوردستان بووە ناوێکی دیار و ناوی چووە پاڵ ئەو بەرپرسە بیانییانەی وەک بەرگریکاری کورد ناویان دەهێنرێت.

براین ماست، سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەهەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر گروپە چەکدارە سورییەکان و بەرگریکردنی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، شەقامی عەرەبی توڕەتر و شەقامی کوردیشی دڵخۆشکرد.


ماست چی وت؟

براین ماست لە کۆبوونەوەی کرنگرێسی ئەمەریکا، بەتوندی بەرگری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە کرد و رایگەیاند: ئێمە ئەو کارە دوژمنکارانەمان بینی کە بەم دواییانە دژ بە هەسەدە ئەنجامدران، لەکاتێکدا هەسەدە هاوپەیمانی لەمێژینەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

هەروەها وتیشی: هەندێک کردەوە دژ بە هەسەدە ئەنجامدراوە جێگەی قەبوڵکردن نییە، هێزە سورییەکان وایان لە سینتکۆم کرد حەوت هەزار چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق بگوازێتەوە.

ماست لەدرێژەی قسەکانیدا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریای بەچەکداری پێشووی قاعیدە ناوبرد و رەخنەی ئەوەشی لە دەسەڵاتەکەی گرت، رووسیا بوونی خۆی لە وڵاتەکەی پاراستووە.


براین ماست کێیە؟

براین ماست سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکایە، بەهەڵوێستە توندەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا ناسراوە، بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەندییان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.

ماست لە ساڵی 1980 لە ویلایەتی میشیگان لە خێزانێکی کۆچبەری مەکسیکی لەدایکبووە، ئەو پێشتر سەرباز بووە و لە ئەڤغانستان هەردوو قاچی لەدەستداوە، لەرێگەی نمایشکردنی قاچە دەستکردەکانیەوە هەمیشە پەیامی قوربانیدانی بۆ نیشتیمان وەبیر خەڵکی ئەمەریکا دەهێنێتەوە.

ماست بە بەرگریکارێکی سەر سەختی ئیسرائیل ناسراوە و لێپرسینەوە لە ئیسرائیل لەسەر کۆمەڵکوژی غەززە رەتدەکاتەوە، پێیوایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانێکە بۆ سەلماندنی باڵادەستی ئەمەریکا.

تێکەڵکردنی ئەزموونی سەربازی لەگەڵ ئەزموونی سیاسی، وایکردووە ماست بگاتە ئەو بڕوایەی ئاشتی لەرێگەی هێزەوە بەدی دەهێنرێت، هەروەها دژی لابردنی سزاکانی سەر دیمەشقیش بوو لەلایەن ئەمەریکاوە.

ژیانی سیاسی ماست لەساڵی 2017 دەستیپێکرد، کاتێک توانی لە ویلایەتی فلۆریدا دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە کۆنگرێسمانی ئەمەریکا، ناوبراو کۆماریخوازە و بیروبۆچوونەکانی بەهەند وەردەگیرێت.


ژیانی سەربازی براین ماست 
ماست لەساڵی 2000 پەیوەندی بەهێزی ئەمەریکاوە کردووە و بەپێی تۆماری فەرمی کۆنگرێس، لەساڵی 2000 ەوە تا ساڵی 2012 سەرباز بووە و لەبەشی ئەندازیاری سوپادا کاریکردووە.

لەساڵی 2010 کاتێک لە ویلایەتی قەندەهاری ئەڤغانستان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکان دەبێت بۆ هێزەکانی ئەمەریکا، مین پێیدا دەتەقێتەوە و هەردوو قاچی لەدەست دەدا، ماست ئەم رووداوە بە "رۆژی مانەوە" وەسفدەکات و ساڵانە یادی دەکاتەوە.
 

ماست و هێز

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 بۆ کرنگرێسی ئەمەریکا، ماست رۆژ لەدوای رۆژ ئەستێرەی بەختی لە گۆڕەپانی سیاسیدا زیاتر دەدرەوەشێتەوە، بەتایبەت ئەو زیاتر جەخت لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی و گرنگیدان بە سیاسەتی دەرەوە دەکاتەوە.

لەئێستادا وەکو سەرۆکی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس کاردەکات و ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی کۆمارییەکان، بەهەڵوێستە یەکلایی کەرەوەکانیشی بەرامبەر بە سوریا، فەڵەستین و ئێران ناسراوە.

ماست هەمیشە پشتگیری زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان دەکات و دژی کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیەتی، ئەو لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایە کە دەڵێت:"هێز تاکە زمانە نەیارانی ئەمەریکا لێی تێبگەن".

ئەو بەتوندی پاڵپشتی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات لە کۆنگرێسدا، هەروەها داوای توندترکردنی رێوشوێنەکان دژ بە کۆچبەران دەکات و دەڵێت: واڵایی سنورەکان وادەکات تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگاتە ئەمەریکا.

ماست خۆی وەکو سەرباز دەناسێنێت و لەبۆنەکاندا بەجل و بەرگی سەربازییەوە دەردەکەوێت، لەرێگەی پیشاندانی قاچە دەستکردەکانیەوە پەیامی "قوربانیدان بۆ نیشتیمان" دەدات بەگوێی ئەمەریکاییەکاندا و ئەمەش وایکردووە پێگەی لەنێو ناسیۆنالیستەکاندا بەهێزتر بێت.


بۆچوونی ماست بەرامبەر سوریا و غەززە

ماست بەهەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بە رۆڵی ئێران و روسیا لە سوریا ناسرابوو لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا، هەروەها دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن شەرعەوە دژی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەبوو.

هەروەها لەشەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسیشدا پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل بوو، دوای ئەوەی بەجلوبەرگی سەربازییەوە لە ئیسرائیل دەرکەوت مشتومڕێکی فراوانی لە واشنتۆن و لەنێو میدیادا دروستکرد.

ماست لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە بەیاننامەیەکی مشتوکڕاویدا رایگەیاند: ئەستەمە جیاوازی لەنێوان ئەندامانی حەماس و خەڵکانی سڤیل دا بکرێت، هەروەک چۆن ئەستەمە جیاوازی لەنێوان نازییەکان و هاوکارانیاندا بکرێت. ئەمە وەکو پاساو هێناوە بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە لێکدرایەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو