ئەنجومەنی شارەوانییەکان؛ لە نوێنەرایەتی خەڵکەوە بۆ دانانی لەلایەن حکومەتەوە

١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ

ئەنجومەنی شارەوانییەکان؛ لە نوێنەرایەتی خەڵکەوە بۆ دانانی لەلایەن حکومەتەوە

پەنجەرە

لە کاتێکدا بنەمای سەرەکی بوونی ئەنجومەنە خۆجێیەکان بریتییە لە بەشداریپێکردنی هاوڵاتیان لە بڕیارەکاندا، کەچی دۆخی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەدا ڕۆیشتووە. زیاتر لە دوو دەیەیە هەڵبژاردن بۆ ئەم ئەنجومەنانە نەکراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ـشەوە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، سیفەتی نوێنەرایەتی خەڵکی لێ سەندراوەتەوە و کراوە بە ئەنجومەنێکی پاشکۆی حکومەت.


لە سندوقی دەنگدانەوە بۆ پەیڕەوی ژمارە (٣)

بەگوێرەی یاسای ئیدارەی شارەوانییەکان ژمارە (٦)ـی ساڵی ١٩٩٣، ئەنجومەنی شارەوانی دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی جەماوەرییەوە بێت، بۆ ئەوەی ببێتە دەسەڵاتێکی چاودێر بەسەر سەرۆکی شارەوانی و پرۆژەکانەوە.

لە ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١، یەکەم و کۆتا هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک ئەنجامدران.

ئەوکات ئەنجومەنەکان نوێنەری خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان بوون. بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنانە، نەک هەر هەڵبژاردن نەکرایەوە، بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوی و درێژکردنەوە یان بەبێ ئەنجومەن مایەوە.


گۆڕانکارییە گەورەکە یان بەدگۆڕان!

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەستا بە دەرکردنی (پەیڕەوی ئەنجومەنی شارەوانییەکان ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١٩). ئەم پەیڕەوە بە تەواوی ماهییەتی ئەنجومەنەکەی گۆڕی.

بەپێی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنی شارەوانی چیتر ١٠٠٪ نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک نین. بەڵکو ئەنجومەنەکە لەلایەن خودی حکومەتەوە دادەنرێت!

ئەنجومەنە تازەکە لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەمیان بریتین لە بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان (وەک ئاو، کارەبا، کشتوکاڵ، پلاندانان، هاتوچۆ و.. هتد) کە ٧٥٪ـی پێکهاتەی ئەنجومەنەکە پێکدەهێنن.

بەشی دوەمیان دیاریکراوە بۆ نوێنەری سەندیکا و ژوورە بازرگانییەکان، کە ئەوانیش بە دانان "تعیین" دەبن لەلایەن حکومەتەوە نەک هەڵبژاردنی گشتی و ٢٥٪ـی ئەنجومەنەکە پێکدێنن.


پێشێلکردنی دیموکراسی و بارگرانی دارایی

ئەم شێوازە نوێیەی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، بە تەواوی دژە بە فەلسەفەی بوونی ئەنجومەنە خۆجێیەکان. چونکە لە ئێستادا ئەنجومەنەکان زیاتر ڕۆڵی "لیژنەی ڕاوێژکاری" دەبینن، نەک دەسەڵاتێکی چاودێری سەربەخۆ.

فەلسەفەی بوونی ئەنجومەنی شارەوانی ئەوەیە کە خەڵک چاودێری حکومەت بکات. کاتێک ٧٥٪ـی ئەنجومەنەکە خۆیان بەڕێوەبەری حکومین، چۆن دەتوانن چاودێری خۆیان یان سەرۆکی شارەوانی بکەن؟ ئەمە دژە بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

لەلایەکی ترەوە و بەپێی یاسا بەرکارەکان، دەسەڵاتی خۆجێیی دەبێت هەڵبژێردراو بێت. گۆڕینی ئەم پرۆسەیە بۆ دانان لەلایەن خودی حکومەتەوە، لێسەندنەوەی مافی دەنگدانە لە هاوڵاتیان بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکەیان.


ئەنجومەنێک بۆ زیادە موچە!

ئەندامانی ئەم ئەنجومەنانە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان بەرپرسی حکومین و مووچەی خۆیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەندامێتییان لە ئەنجومەنەکە، پاداشتی مادیی تایبەت وەردەگرن.

بەگوێرەی نوسراوی ژمارە (١٤٧٠٨)ـی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ٢٠٢٢، پاداشتی سەرۆک و جێگیر و ئەندامانی ئەنجومەن بەپێی قەبارە و جۆری شارەوانییەکان جیاوازە.

پاداشتی مانگانەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە لە بچوکترین شارەوانییدا ٤٢٩ هەزارە و لە گەورەترینیان ملیۆنێک و ١٤٨ هەزار دینار.

پاداشتی مانگانەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنیش بەپێی شارەوانییەکان لە ٤٠٠ هەزارەوە دەستپێدەکات بۆ ٩٠٠ هەزار دینار.

هەرچی ئەندامانی ئەنجومەنیشە، پاداشتی مانگانەیان لە ٣٤٥ هەزارەوە دەستپێدەکات بۆ ٨٠٠ هەزار دینار.

بەمشێوەیەش ئەنجومەنەکانی شارەوانی هەم لە ئامانجی سروشتیی خۆیان بەتاڵ کراونەتەوە، هەمیش بوون بە بارگرانیی دارایی، ئەمە سەرباری ئەوەی باڵادەستی حکومەت و تاکڕەوییەکەی زیاتر دەکات و دەستی خەڵکیش لە بڕیاری سیاسی زیاتر دەبڕێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو