ئابڕووچوونی "کتێبە وەهمییەکان" سەری خانەیەکی بڵاوکردنەوەی عێراقی خوارد

١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٢٢ پاش نیوەڕۆ

ئابڕووچوونی "کتێبە وەهمییەکان" سەری خانەیەکی بڵاوکردنەوەی عێراقی خوارد

پەنجەرە

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، رووداوێک ناوەندی ڕۆشنبیریی عێراقی هەژاند، ئەویش کاتێک ئاشکرا بوو خانەیەکی چاپی عێراقی هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی کتێب گەلێک بە ناوی وەرگێڕان، کە نە خاوەنەکانیان ڕاستن و نە وەرگێڕ و خودی کتێبەکانیش.


سەرەتای ئابڕووچوونەکە؛ لە پۆستێکی فەیسبووکەوە

سادق تائی، نووسەر و توێژەری عێراقی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەژێر ناونیشانی (ئابڕووچوونی "فەزیحەی" خانەی ئەلکا)، پەردەی لەسەر دیاردەیەک هەڵدایەوە کە بە "چەواشەکاریی کولتووری" وەسفی کرد.

تائی ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆر لەو کتێبانەی خانەی "ئەلکا" (کە بەڕێوەبەرەکەی د. فاتیمە بەدرـە و خوشکی ڕۆماننووسی ناسراو عەلی بەدرـە) بانگەشەی بۆ دەکەن، کتێبی وەهمین.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تائی، کتێبەکان ناوی نووسەر و وەرگێڕی لەسەرە کە لە هیچ تۆمارێکی جیهانیدا بوونیان نییە. بۆ نموونە کتێبگەلێکی وەک "عاصفة ستالين"، "الحسن الصباح"، "هتلر والنساء" و "فيلم إيمانويل 1974"، خراونەتە پاڵ نووسەرانێک وەک (ئانا ریابۆڤا، ئالان بادرشن و جۆنی ڕۆندن)، کە تەنانەت لە ئەرشیفی زانکۆکان و ئینتەرنێتیشدا هیچ شوێنەوارێکیان نییە.

دەشڵێت: "تەنانەت ئەو کتێبانەشی کە ناوی نووسەری ڕاستەقینەیان لەسەرە، ناوەڕۆکەکەیان شێوێندراوە یان ناونیشانەکەیان گۆڕدراوە. 

باس لەوەشدەکات دەقەکان وا دەردەکەون کە لەلایەن زیرەکی دەستکرد (AI)ـەوە نووسرابن؛ ئەوانیش دەقگەلێکی ڕووکەش، بێ سەرچاوە و پڕ لە هەڵەی مەعریفین.


وەرگێڕی خەیاڵی و کۆدی ساختە

کارەساتەکە تەنها لە ناوی نووسەرەکاندا نەبوو، بەڵکو گەیشتە وەرگێڕەکانیش. ناوگەلێکی وەک "د. مەجد مەسعد" و "جۆزێفین عاقل" وەک وەرگێڕی کتێبەکان ناسێنراون، کە لە ڕاستیدا لە ناوەندی ئەکادیمیدا بوونیان نییە.

لەوەش مەترسیدارتر، بەپێی وتەی سادق تائی، ژمارەی سپاردەی نێودەوڵەتی (ISBN)ـی سەر کتێبەکان لە هیچ بنکەیەکی داتای جیهانیدا تۆمار نەکراون.


عەلی بەدر؛ لە بەرگرییەوە بۆ دانپێدانانێکی تاڵ

لە بەرامبەر ئەم تۆمەتە قورسانەدا، ڕۆماننووس عەلی بەدر، کە پێشتر خاوەندارێتی خانەکەی دەکرد، سەرەتا هەوڵیدا بەرگری بکات.

ئەو ئاماژەی بەوەدا کە دوو ساڵە ئیدارەی خانەکەی ڕادەستی خوشکەکەی کردووە و خۆی تەنها وەک هاوکارێک ماوەتەوە و لەم ماوەیەشدا ڕانانی بۆ هەندێک لەو کتێبانە کردووە بە ئامانجی ئەوەی فرۆشیان هەبێت لە پێشانگای کتێب لە بەغدا.

بەڵام دواتر، لە دانپێدانانێکی درێژدا، عەلی بەدر ڕاستییەکی تاڵی ئاشکرا کرد و ڕوونیکردەوە کە ئەوان وەک قوربانیی کۆمپانیایەکی وەرگێڕان کەوتوونەتە داوەوە. کۆمپانیایەک کە فایلگەلێکی (PDF)ـی بۆ ناردوون و پێی وتوون ئەمانە کتێبی وەرگێڕدراوی دەگمەنن و مافی چاپکردنیان ئازادە.

عەلی بەدر دەڵێت: "بەهۆی کەمبوونی کات بۆ پێشانگای کتێب، پەلەمان کرد و کتێبەکانمان چاپ کرد. دواتر دەرکەوت بەشێک لەم کتێبانە وەرگێڕان نین، بەڵکو لەلایەن کەسێکەوە نووسراونەتەوە، بەڵام هێشتا پێموایە ناوەڕۆکەکەیان بەپێزە."


کۆتاییەکی خەمناک بۆ پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی

سەرەڕای پاساوەکان، دەرەنجامی ئەم ڕووداوە کوشندە بوو بۆ خانەی ئەلکا. عەلی بەدر لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا بڕیارە یەکلاکەرەوەی رادەگەیەنێت "وەک خانەی ئەلکا، بڕیاری کشانەوەمان دا. چالاکیی خانەکەمان لە عێراق بە یەکجاری ڕاگرت و لە کۆمەڵەی بڵاوکارانیش کشاینەوە."


وانەیەک بۆ بازاڕی کتێب

ئەم ڕووداوە مشتومڕێکی گەرموگوڕی لەنێوان نووسەران و خوێنەرانی عێراقدا دروست کردووە. لایەک پێیوایە ئەمە "تاوانی مەعریفی"ـیە و متمانەی خوێنەر بە کتێب دەکوژێت، لایەکەی تریش پێیانوایە هەڵەیەکی کارگێڕیی بووە و کراوەتە قوربانیی ململانێی شەخسی.

بەڵام ئەوەی ڕوونە، کتێبخانەی عێراقی وانەیەکی گەورەی وەرگرت، وانەکەش ئەوەیە: لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد و وەرگێڕانی خێرادا، سنوری نێوان "راستی/ حەقیقەت" و "وەهم/ خەیاڵ" ئەوەندە باریک بووەتەوە، کە ڕەنگە کتێبێک بە بەرگێکی جوان و ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشەوە بکڕیت، بەڵام لە ڕاستیدا خاوەنەکەی هەرگیز بوونی نەبووبێت!


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو