هەرێمی کوردستان؛ دەیەیەک لە "تاریکیی دارایی"

١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:١٣ پاش نیوەڕۆ

هەرێمی کوردستان؛ دەیەیەک لە "تاریکیی دارایی"

پەنجەرە

زیاتر لە ١٠ ساڵە، پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر هیچ پڕۆژەیاسایەکی بودجە نەداوە. ئەمە تەنها خستنەڕوی ژمارەیەک نییە لە ساڵنامەی فەرمیی دا، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی قوڵی حوکمڕانی و یاساییە. 

دواینجار کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای بودجە بوو، ساڵی ٢٠١٣ بوو. لەو کاتەوە تائێستا، هەرێم بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت، نەک بەپێی یاسایەک کە پەرلەمان پەسەندی کردبێت. ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای ژمارە (٥)ـی ساڵی ٢٠٠٦ـی هەرێم و بنەما دەستوورییەکان دادەنرێت.


بۆچی هەرێم ١٠ ساڵە بودجەی نییە؟

بەپێی وتە و لێدوانە فەرمییەکان، نەبوونی بودجە لە سەرەتادا وەک "ناچاری" دەستی پێکرد، بەڵام دواتر بوو بە "کولتوورێکی سیاسی". هۆکارە سەرەکییەکانیشی ئەمانەن:

١. قەیرانە سێقۆڵییەکە:
سەرەتای قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە (سەردەمی نوری مالیکی)، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و شەڕی داعش. هەموو ئەمانەش لەساڵی ٢٠١٤ رویاندا.

حکومەتی هەرێم پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە بەهۆی ناسەقامگیری داهاتەوە ناتوانێت بودجە دیاریبکات.

٢. ئابووری سەربەخۆ و شکستی شەفافییەت:
هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ. بەپێی ڕاپۆرتەکانی "دیلۆیت" و شرۆڤەی پسپۆڕان، داهاتی نەوت زۆر بوو، بەڵام خەرجی کۆمپانیاکان و قەرزەکان زۆرتر بوون. حکومەت نەیدەویست وردەکاری گرێبەستە نەوتییەکان و داهاتە ڕاستەقینەکان بخاتە چوارچێوەی یاسای بودجەوە تا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر نەکرێت.

٣. ململانێی سیاسی و پەکخستنی پەرلەمان:
لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ پەرلەمانی کوردستان پەکخرا. دوای کاراکردنەوەش، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و نەبوونی یەک سەبەتەی شەفافانەی داهات، وایکرد دۆخەکە بەم بێ یاساییە بەردەوام بێت.

٤. نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ چاودێری:
ڕاپۆرتە ناحکومییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان پێیان باشترە بەبێ کۆتوبەندی یاسای بودجە پارە خەرج بکەن، چونکە یاسای بودجە دەسەڵاتی خەرجکردن سنوردار دەکات و دەبێت دیوانی چاودێری دارایی وردبینی تێدا بکات.


نەبوونی یاسای بودجە؛ گورزێکی کوشندە

نەبوونی یاسای بودجە تەنها کێشەیەکی هونەری نییە، بەڵکو گورزێکی کوشندەی لە سیستەمی حوکمڕانی و ژیانی هاوڵاتیان داوە، چونکە نازانرێ داهات و خەرجی چۆن ڕێکدەخرێت.

هاوکات ئەم دۆخە بووەتە هۆی لاوازکردنی دەزگا شەرعییەکان لەنمونەی پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی.

کاتێک حکومەت ١٠ ساڵە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان پارە خەرج دەکات، پەرلەمان ڕۆڵی چاودێری خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە دەزگایەکی کارتۆنی.

لەلایەکی ترەوە نەبوونی یاسای بودجە، ناعەدالەتی و ناهاوسەنگی لە
دابەشکردنی داهاتدا زیاد دەکات. چونکە لە نەبوونی یاساکەدا، پڕۆژەکان بەپێی مەزاجی شەخسی و حیزبی بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێن، نەک بەپێی پێویستی و ژمارەی دانیشتووان.

جگە لەوەش نەبوونی یاسای بودجە، وادەکات لەڕووی ناوبانگەوە زیان بە هەرێم بگات و وەبەرهێنەران سڵبکەنەوە لەوەی بێن وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

لەسەر ئاستی تاکیش، نەبوونی یاسای بودجە وایکرد حکومەت بە ئاسانی دەستکاری مووچە بکات (سیستەمی پاشەکەوت و لێبڕین)، بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەمدا بێت.


تاریکی بەردەوام دەبێت؟

لەئێستادا کە دۆخی داهاتی هەرێم تاڕادەیەک جێگیر بووە، پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە کە ئایا هەرێم یاسای بودجەی دەبێت؟

ئایا دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ (کە هێشتا هیچ ئاماژەیەکی لەگۆڕێدا نییە)، دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگەڕێنەوە سەر ڕێگا راستەکەی هەبوونی یاسای بودجە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو