لە هیواوە بۆ سەرەی درێژ؛ قەیرانی "هەژماری من" و فەوزای بەبانکییکردن

١٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٠٠ پاش نیوەڕۆ

لە هیواوە بۆ سەرەی درێژ؛ قەیرانی "هەژماری من" و فەوزای بەبانکییکردن

پەنجەرە

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی و نەهێشتنی دابەشکردنی موچە بە شێوازە تەقلیدییەکە، شەقامەکان دیمەنێکی پێچەوانە پیشان دەدەن. لەبری ئاسانکاریی، موچەخۆران لەبەردەم ئامێرەکاندا تووشی چاوەڕوانی و نیگەرانی بوونەتەوە.


"هەژماری من"؛ خەونی بەبانکییکردن بە کۆڵێک ئاستەنگەوە

پڕۆژەی "هەژماری من" وەک یەکێک لە ستراتیژیترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازیی دارایی ناسێنرا.

گرنگی بوونی هەژماری بانکی بۆ موچەخۆر لە ستانداردە جیهانییەکاندا زۆرن، لەوانە:

١. شەفافیەت و ئاسایش:
نەهێشتنی مەترسی دزین و ونبوونی پارەی کاش لە کاتی گواستنەوەدا.

٢. خزمەتگوزاری دارایی:
دەستگەیشتن بە قەرز، پێشینەکان و کڕینی ئۆنلاین.

٣. نەهێشتنی بندیوار:
پاککردنەوەی لیستی موچە لە ناوی دووبارە و وەهمی.


فەوزای ئامێرەکان (ATM)

سەرەڕای ئەو ئامانجە جیاوازانەی خستمانەڕوو، جێبەجێکردنی پرۆسەکە لەسەر ئەرزی واقیع، بەتایبەتی لەم مانگانەی دواییدا و بە دیاریکراوی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە بووەتەوە. دیارترین گرفتەکانیش بریتین لە:

١. قەیرانی ژمارەکان:
بەپێی بەدواداچوونەکان، ناهاوسەنگییەکی گەورە لەنێوان ژمارەی ئەو موچەخۆرانەی کارتیان وەرگرتووە و ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) هەیە. لە کاتێکدا سەدان هەزار فەرمانبەر خراونەتە سەر سیستەمەکە، ژمارەی ئامێرەکان لە ئاستێکی زۆر کەمدایە. ئەمەش وایکردووە لە ڕۆژانی دابەشکردنی موچەدا، دیمەنی سەرەگرتنی دوورودرێژ، توڕەیی موچەخۆران و تەنانەت شەڕ و ئاڵۆزی لەبەردەم کابینەی ئامێرەکاندا ببینرێت.

٢. دووفاقی بەکارهێنان:
گەورەترین کێشەی سیستەمەکە لە ئێستادا ئەوەیە کە فەلسەفەی "بانک" بەتاڵ کراوەتەوە لە ناوەڕۆکەکەی. لە جیهاندا هەژماری بانکی بۆ ئەوەیە پارەی کاش کەمبکرێتەوە، بەڵام لە کوردستان ئێستا کارتەکە تەنها بووە بە کلیلێک بۆ دەرهێنانی پارەی کاش.

بەگشتی هاوڵاتی ناچارە پارەکە ڕابکێشێت، چونکە لە بازاڕدا ئامێری (POS) نییە بۆ کڕین. هاوڵاتی کرێی تاکسی، پارەی مۆلیدە و کرێی خانووی تەنها بە "کاش" لێ وەردەگیرێت نەک بە کارت.

لەلایەکی ترەوە متمانە بە مانەوەی پارە لە بانکدا سفرە، ئەمەش بەهۆی ئەزموونی ڕابردووی پاشەکەوت و دواکەوتنی موچە.

ئەم دۆخە وایکردووە، لەبری ئەوەی پرۆسەکە ئاسانکاریی بێت، بووەتە بارگرانی.

پێشتر موچەخۆر لە فەرمانگەکەی خۆی بە ئاسانی موچەی وەردەگرت، ئێستا دەبێت لە کۆڵانەکاندا بەدوای ئامێرێکدا بگەڕێت کە پارەی تێدابێت و ئیش بکات، ئەوجاش بکەوێتە سەرەیەکی دوور و درێژەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەندێک قەزا و ناحییە هێشتا ATM هەر دانەنراوە.


چۆن کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت؟

بۆ ئەوەی پڕۆژەی "هەژماری من" لە شکست و بێزارکردنی هاوڵاتیان دووربخرێتەوە، پێویستە چەند هەنگاوێکی خێرا بگیرێتەبەر:

١. شۆڕشی ئامێری خاڵی فرۆشتن (POS):
تاکە چارەسەری ڕیشەیی ئەوەیە هاوڵاتی ناچار نەبێت پارەکە ڕابکێشێت. دەبێت حکومەت، شوێنکار و دوکانەکان و تەنانەت فەرمانگەکانی خۆیشی ناچار بکات ئامێری (POS) دابنێن. کاتێک هاوڵاتی توانی بە کارتەکەی نان و بەنزین بکڕێت و پارەی کارەبای نیشتمانی بدات، ئیدی قەرەباڵغی سەر ATM نامێنێت.

٢. هەڵمەتی هۆشیاری و متمانە:
پێویستە حکومەت و بانکەکان متمانە بۆ خەڵک بگێڕنەوە کە پارەکەیان لە بانک نافەوتێت و مەرج نییە لە یەکەم کاتژمێری دابەشکردنی موچەدا، هەموو پارەکە ڕابکێشن.

٣. لابردن و کەمکردنەوەی عمولە:
بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هانبدرێن کە کارتی بانکی بەکاربێنن بەبێ ڕاکێشانی پارە، دەتوانرێت عمولەی بەکارهێنانی کارتەکە زۆر کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەبری بەکارهێنانی کارت بەهۆی زۆری عمولەوە، نەچێت هەمو پارەکەی ڕابکێشێت.

٤. زیادکردنی خێرای ئامێرەکانی ATM:
لەپاڵ ئەمەشدا و هەتا هاوڵاتی متمانە بە دانانی پارە لە بانکدا دەکات، بانکە بەشداربووەکان دەبێت پابەند بکرێن بەپێی ژمارەی بەشداربووانیان ئامێر دابنێن. ناکرێت بانکێک ٥٠ هەزار موچەخۆری لابیێت بەڵام تەنها ١٠ ئامێری لە شارێکدا هەبێت.


هەنگاوێکی گرنگ، بەڵام ناڕێک

پڕۆژەی بەبانکییکردن هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنەکەی لە ئێستادا وەک ئەوە پەندە دێتەوە کە دەڵێت: "عەرەبانەکەی خستووەتە پێش ئەسپەکەوە".

بەبێ ژێرخانی بازاڕی دیجیتاڵی و بەبێ ژمارەی پێویستی ئامێری POS و ATM، کارتە بانکییەکان تەنها پارچە پلاستیکێکن کە لەبری ئاسانکاریی، ئەرکی موچەخۆریان قورستر کردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو