بۆچی ئەمەریکا جەنگی لە دژی بانکەکانی عێراق ڕاگەیاندووە؟

١٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٠٠ پاش نیوەڕۆ

بۆچی ئەمەریکا جەنگی لە دژی بانکەکانی عێراق ڕاگەیاندووە؟

پەنجەرە

وایلێهاتوە هەر ماوەیەک هەواڵی سزادانی بانکێکی عێراقی لەلایەن ئەمەریکاوە ببیستین، ئەمەش پرسیاری ئەوە درووستدەکات کە ئایا کەرتی بانکی لە عێراق چی دەکات وا ئەمەندە سزا دەدرێت؟

لەم ڕاپۆرتەدا بەوردیی لەسەر کەرتی بانکی عێراقی و سزاکانی سەری دەوەستین.


نەخشەی کەرتی بانکی لە عێراق؛ ژمارە و ئەرکەکان

بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکە، سەرەتا دەبێت بزانین کەرتی بانکی عێراق لەچی پێکهاتووە؟

بەپێی داتاکانی "بانکی ناوەندیی عێراق"، سیستەمی بانکی لە وڵاتەکەدا تێکەڵەیەکە لە کەرتی گشتی (حکومی) و کەرتی تایبەت.

بەگشتی نزیکەی ٨١ بانک لە عێراقدا تۆمارکراون، کە بەم شێوەیە دابەش دەبن:

بانکە حکومییەکان: ژمارەیان نزیکەی ٧ بانکە (وەک بانکی ڕافیدەین، ڕەشید، بانکی پیشەسازی، کشتوکاڵی و عقاری). ئەم بانکانە سەرەڕای کۆنییان، هێشتا کۆنترۆڵی نزیکەی ٨٠٪ـی نەختینە و مووچەی دەوڵەت دەکەن.

بانکە بازرگانییە تایبەتەکان: ژمارەیان نزیکەی ٢٩ بانکە.

بانکە ئیسلامییەکان: ژمارەیان نزیکەی ٣٠ بانکە.

لقە بیانییەکان: ژمارەیەک لقی بانکی وڵاتانی وەک (تورکیا، ئێران، لوبنان) لە عێراق کار دەکەن.


ئەرک و کاری بانکەکان

لە وڵاتانی ئاساییدا، بانک ئەرکی پارەدارکردنی پڕۆژە و پێدانی قەرزە، بەڵام لە عێراقدا چیرۆکەکە جیاوازە. 

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، زۆرینەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لەجیاتی "کاری بانکیی ڕاستەقینە"، بوونەتە دەروازەیەک بۆ "مەزادی دراو". واتە کاری سەرەکییان کڕینی دۆلارە بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی و فرۆشتنەوەیەتی لە بازاڕدا یان حەواڵەکردنی بۆ دەرەوە، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەیان وەک نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو کار بکەن نەک دامەزراوەی دارایی پڕۆفیشناڵ.


ڕەشەبای سزاکان؛ کێ سزادراوە؟

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، جاروبار یەک دوو بانک سزا دەدران (وەک دۆسیەی بانکی وەرکا و ئیلاف)، بەڵام ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ڕوویدا، بێپێشینە بوو.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی فیدراڵی ئەمەریکا بە هەماهەنگی یەکتری، سزایان بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بانکە عێراقییەکاندا سەپاند.

بەوتەی سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، تائێستا ژمارەی ئەو بانکانەی کە سزادراون، گەیشتووەتە ٣٨ بانک، ئەمەش نزیکەی سێیەکی کۆی بانکەکانی عێراق.


بۆچی بانکەکان سزا دەدرێن؟

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی ئەمەریکا ئەم بانکانە دەکاتە ئامانج و چارەنووسیان چی دەبێت؟

سەرەتا با لە هۆکارەکانی سزادانەوە دەستپێبکەین کە ٣ هۆکاری سەرەکیین:

١. بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی سزادراو:
گەورەترین هۆکار بریتییە لەوەی ئەم بانکانە دۆلاریان لە بانکی ناوەندی کڕیوە و بە شێوازی ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی پسووڵەی ساختە و کۆمپانیای وەهمی) ڕەوانەی ئێران و سوریایان کردووە، کە ئەم دوو وڵاتە لەژێر سزای توندی ئەمەریکادان.

٢. سپیکردنەوەی پارە:
بەشێک لەم بانکانە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵی بەرپرسانی عێراقی و گرووپە چەکدارەکان.

٣. پارەدارکردنی تیرۆر:
بۆ نموونە، (بانکی هودا) لە سەرەتای ٢٠٢٤ ڕاستەوخۆ تۆمەتبار کرا بەوەی کە سەرچاوەی دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکان دابین دەکات کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.


ئایا تەنها ئەمەریکا سزایان دەدات؟

بە پلەی یەکەم ئەمەریکایە کە سزای ئەو بانکانە دەدات، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەموو جوڵەیەکی دۆلار لە جیهاندا دەبێت بەناو سیستەمی بانکیی نیویۆرکدا تێپەڕێت. کاتێک ئەمەریکا گومانی لا دروست دەبێت، بەلوعەی دۆلارەکەیان لێ دەگرێتەوە.

وڵاتانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زۆرجار پابەندی بڕیارەکانی ئەمەریکا دەبن لەم ڕووەوە.


سزاکان چیین؟ ئایا بانکەکان دادەخرێن؟

بەگشتی ئەو بانکانەی سزا دەدرێن داناخرێن، چونکە بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی لەو بانکانە نەسەندووەتەوە و داینەخستوون، بەڵکو ئەوان هێشتا کراوەن و فەرمانبەریان هەیە. بانکی وڵاتێک کاتێک دادەخرێت کە وڵاتەکەی خۆی مۆڵەتی لێوەربگرێتەوە.

سزاکەشیان بریتییە لە "قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار". واتە ئەم بانکانە بۆیان نییە بەشداری لە "مەزادی دراو" بکەن و ناتوانن دۆلار حەواڵەی دەرەوە بکەن.

ئەوان دوای سزادانیان تەنها دەتوانن بە دیناری عێراقی کار بکەن، یان بە دراوی تر "ئەگەر بتوانن دەستیان بکەوێت"، هەروەها دەتوانن قەرز بە دینار بدەن بە هاوڵاتیان.

بەڵام بەو پێیەی قازانجی سەرەکییان لەسەر دۆلار بوو، ئێستا وەک "بانکی مردوو"ـیان لێهاتووە و قەبارەی کاریان زۆر بچووک بووەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو