لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ کوردانی یەکخست و حزبە کوردییەکانی لەتتر کرد
١٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
گەنجێک لەنێو شاری سەرپێڵی زەهاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاواردەکات و دەڵێت: "بۆ مناڵگەلی چەمچەماڵە، ببەخشن". بەمجۆرە لافاوەکەی چەمچەماڵ کوردانی لە هەر جێیەک بێت، یەکخست.
لە باشووری کوردستانیشدا، لە زۆرینەی شارەکاندا هەڵمەتی بەهاناوەچوون و کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی بۆ کارەساتبارانی ئەو شارە بەڕێوەچوو، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەو هاوخەمییە هاوبەشەی کە لەنێوان کورد لە هەموو جێیەک بۆ یەکتری درووستبووە.
بەڵام ئەم کارەساتە چەندێک کوردانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەیی یەکخست، کەچی نەبووە هۆی یەکخستنیان لەڕووی سیاسییەوە، بەڵکو درزی نێوانیانی قوڵتر کردەوە.
مامۆستایەکی ئاینی جلێکی کوردیی و عەمامەیەکی سپییەوە، لە نێو شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاوـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاواری دەکرد و دەیگوت: "ئێمەی کوردانی سەرپێڵ هاوخەمی خەڵکی چەمچەماڵین، هەرچەندە دراوەکەمان لەبەرامبەر دۆلار و دیناردا بایەخی نییە، بەڵام ویژدانی خۆمان ئاسودە دەکەین و هاوخەمتانین."
بەڵام لەسەر ئەرزی چەمچەماڵی شوێنی کارەساتەکە، ئەوەی هاوشان بە هاوخەمیی و هەستکردن بە یەکتریی دەمەزەرد بوویەوە، ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بوو.
ئەگەر هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ پارچە دابڕاوەکانی کوردستانی کۆکردبێتەوە و خەمەکانی یەکخستبن، ئەوا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکییەکانیانی تیا تۆختر بکەنەوە.
لەکاتێکدا هەرێم خاوەنی حکومەت و دامودەزگای فەرمییە، بەڵام تیمەکانی سەر بە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، لەپاڵ گەیاندنی هاوکارییدا، سەرقاڵی ململانێی یەکتری بوون.
هەریەک لەو لایەنانەی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ هێناونیەتە سەر هێڵ، هەوڵی تەوزیفکردنی دەدەن لە دژی یەکتری، هاوکات کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بەچڕی خستووەتە نێو گۆڕەپانەکە و تانە لەیەکتری دەدەن.
لەپاڵ شەڕی پارتە دەسەڵاتدارەکان و فیگەرە دیارەکانیان، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش چوونەتە نێو کێبڕکێکەوە و کارەساتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر حکومەت بەکارهێناوە.
ئەوان جیا لەوەی ڕێکخراوەکانیان بۆ ناردنی کۆمەک ڕەوانەی قەزاکە کردووە، هاوکات ڕەخنەی توندیش لە دەسەڵات دەگرن و بەکەمتەرخەم تۆمەتباری دەکەن.
بەمشێوەیەش کارەساتی چەمچەماڵ دەچێتە ڕیزی ئەو کارەسات و ڕووداوە گەورانەی کە لە بری ئەوەی هەستی هاوبەشێتی بەهێزبکات، کەچی قۆزراوەتەوە بۆ تەسفییەی حساباتی سیاسی.