"سپێدەی سوور"؛ کۆتایی دیکتاتۆرێک لە چاڵێکی تەنگدا
١٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
١٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣، کاتژمێر نزیکەی ٨:٣٠ـی شەو بوو. تاریکی باڵی بەسەر ناوچەی "دۆر"ـی نزیک تکریتدا کێشابوو. لەو ناوچە کشتوکاڵییە بێدەنگەدا، چارەنوسی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریک بوو بۆ هەمیشە دەگۆڕدرا.
لەم کاتەدا نزیکەی ٦٠٠ سەربازی "فیرقەی چواری پیادە"ـی سوپای ئەمەریکا، بە پاڵپشتی هێزە تایبەتەکان (Task Force 121)، گەمارۆی کێڵگەیەکی بچووکیان دابوو. ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "سپێدەی سوور - Red Dawn" بوو، ئامانجەکەش تەنها یەک کەس بوو: "سەدام حسێن".
خیانەت یان زیرەکیی هەواڵگیریی؟
سەرچاوە عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن کە کلیلی دۆزینەوەی سەدام حسێن، دەستگیرکردنی یەکێک بوو لە پاسەوانە تایبەت و نزیکەکانی. بەپێی گێڕانەوەکان، کەسێک کە لە بازنەی خێزانی پاسەوانەکان بووە، لە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی چڕدا شوێنی خۆحەشاردانی سەرۆکە هەڵاتووەکەی ئاشکرا کردبوو. ئەمەریکییەکان ناوی شوێنەکەیان نابوو "وێستگەی وۆڵڤرین ٢".
ساتی سفر؛ دەستگیرکردن لە چاڵێکدا
سەربازەکان بە وردیی دەگەڕان، بەڵام هیچ شتێک دیار نەبوو جگە لە خانوویەکی قوڕین لەنێو باخێکی پەراوێزخراو. لەپڕ سەربازێک تێبینی شتێکی نامۆی کرد لەسەر زەوییەکە؛ فەرشێکی کۆن.
کاتێک سەربازەکان فەرشەکەیان لادا، بلۆکێکی کۆنکرێتی دەرکەوت. بە لابردنی بلۆکەکە، دەرگای چاڵێکی تاریک و تەنگ دەرکەوت کە دواتر بە "چاڵی جاڵجاڵۆکە" ناسرا.
قووڵییەکەی تەنها نزیکەی دوو مەتر بوو، بەڵام ببووە کۆتا پەناگەی پیاوێک کە ڕۆژگارێک خاوەنی دەیان کۆشکی ئەفسانەیی بوو.
دیدار لەگەڵ تارمایی
کاتێک ڕووناکی لایتەکان خرایە ناو چاڵەکە، دیمەنەکە شۆککەر بوو. پیاوێک بە ڕیشێکی ماش و برنجی ناڕێژ و قژێکی ژاکا و جلوبەرگێکی کۆنەوە دەردەکەوێت.
بەپێی گێڕانەوەی "سەمیر"، وەرگێڕە عێراقییەکەی یاوەری هێزە ئەمەریکییەکان، سەدام بە ئینگلیزییەکی شکاو وتویەتی:
"من سەدام حسێنم، سەرۆکی کۆماری عێراق، دەمەوێت دانوستان بکەم."
وەڵامی سەربازە ئەمەریکییەکە کورت و بڕاوە بوو: "سڵاوی سەرۆک بوشت پێ دەگەیەنن."
لەگەڵ خۆیدا، سەدام دەمانچەیەکی جۆری (گڵۆک)ـی پێ بوو، بەڵام بەکاری نەهێنا. هەروەها بڕی ٧٥٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکی و دوو کڵاشینکۆف لە نزیک شوێنەکە دۆزرانەوە.
"دەستگیرمان کرد"
ڕۆژی دواتر، ١٤ـی کانوونی یەکەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە هەموو جیهان بە تامەزرۆییەوە سەیری دەکرد، پۆڵ بریمەر، حاکمی مەدەنی عێراق هاتە سەر ستەیج و بەو رستە مێژووییە کۆتایی بە گومانەکان هێنا:
"خانمان و بەڕێزان، دەستگیرمان کرد."
کاتێک ڤیدیۆی پشکنینی پزیشکیی سەدام حسێن لە شاشەکانەوە پەخش کرا، کە تێیدا پزیشکێک پشکنین بۆ دەم و ددانی دەکرد، خەڵکی عێراق و جیهان دابەش ببوون؛ هەندێک لە خۆشیدا دەگریان و سەمایان دەکرد بەتایبەت ئەوانەی قوربانی دەستی ڕژێمەکەی بوون، هەندێکیش بەتایبەتی لایەنگرانی، تووشی شۆک ببوون.
کۆتاییەکی تراژیدیی بۆ دیکتاتۆرێک
ئەمڕۆ کە ساڵیادی ئەو ڕووداوەیە، وێنەی دەرهێنانی سەدام لەو چاڵە تەنگە، وەک یەکێک لە بەهێزترین وێنەکانی سەدەی بیستویەک دەمێنێتەوە. وانەیەک بوو کە پیشانیدا چۆن دەسەڵاتێکی ڕەها و خوێنمژ، دەکرێت لە چاڵێکی تەنگی ژێر زەویدا کۆتایی پێ بێت.
سەدام حسێن، دوای دادگاییکردنی لەسەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی (بە دیاریکراوی دۆسیەی دوجەیل)، سێ ساڵ دواتر و لە بەرەبەیانی جەژنی قورباندا لە سێدارە درا، بەڵام چیرۆکی "سپێدەی سوور" وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی عێراقدا مایەوە.