چۆن هەولێر و دهۆک لە لافاوی ئەمجارە پارێزراو بوون؟
١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاتێک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باران بە لێزمە دایکرد، دیمەنەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جیاواز بوون. ئەو دەمەی شەقامەکانی سلێمانی بوون بە ڕووبار و ئاو هەڵمەتی دەبردە سەر ماڵ و دوکانەکان، هەولێر و دهۆک شەوێکی ئارامتریان بەڕێکرد. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەتا پێش چەند ساڵێک دیمەنەکە پێچەوانە بوو، سلێمانی ئارام و هەولێر و دهۆک دەکەوتنە ژێر هەژموونی لافاو.
پرسیار ئەوەیە: نهێنیی جیاوازیی ئەمجارە چییە؟ ئایا تەنها "قەدەر" بوو وایکرد سلێمانی نوقم بێت، یان پلانی مرۆڤ و ستراتیژیی حکومەت ڕۆڵی گێڕا؟
لاسەنگیی دابارین
بەر لەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەت یان لایەنە ئیدارییەکان ڕابکێشین، دەبێت دان بە حەقیقەتێکی جوگرافیدا بنێین: ئاسمان لەم شەپۆلەدا پشکی شێری بەخشییە سلێمانی.
بەپێی ئەو داتایانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی خراونەتەڕوو، دابەشبوونی باران هاوسەنگ نەبووە. لەو ڕۆژانەی لافاو سلێمانی گرتەوە، ئامێرەکانی پێوانەکردن لە سەنتەری سلێمانی و دەوروبەری ژمارەی پێوانەییان تۆمار کرد، کە لە هەندێک ناوچە لە ٢٤ کاتژمێردا ٥٠ بۆ ١٠٠ ملمی تێپەڕاند. سروشتی شاخاویی شارەکە وایکرد هەورەکان بارێکی قورس لەسەر شارەکە دابگرن.
بە پێچەوانەوە، لە هەولێر و دهۆک، ئەگەرچی باران بەردەوام بوو، بەڵام هێواشتر و کەمتر بوو. لە هەولێر ڕێژەکان لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملم دەخولانەوە. واتە؛ سلێمانی نزیکەی دوو بۆ سێ هێندەی هەولێر بارانی لێ باریوە. ئەم چڕییە زۆرە لە کاتێکی کەمدا، یەکەم گورزی کەمەرشکێن بوو کە لە ژێرخانی سلێمانی درا.
وانەیەک لە مەرگەوە؛ قەڵغانی پۆندەکان
خەڵکی هەولێر هێشتا لافاوە وێرانکەرەکەی کۆتایی ٢٠٢١ و سەرەتای ٢٠٢٢ـیان لەبیرە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و وێرانکاریی. ئەو کارەساتە وەک زەنگێکی مەترسیدار حکومەتی لە خەو هەڵساند.
لێرەوە جیاوازییەکە دروست بوو. حکومەتی هەرێم ستراتیژیی "جەنگ دژی لافاو"ـی لە هەولێر و دهۆک گرتەبەر. چەکی سەرەکیی ئەم جەنگە بریتی بوو لە "پۆند و بەنداوە بچووکەکان" و ژمارەیەکی زۆر پۆند دروستکران کە ژمارەیان گەیشتە ٤١ پۆند و بەنداو. زۆرینەی ئەو پۆند و بەنداوانەش لە سنووری هەولێر و دهۆک بوون.
ئەو پۆندانەی لە دەوروبەری هەولێر (وەک ناوچەکانی شەوک، دۆڵەبەکرە و دەوروبەری دارەتوو) دروستکران، وەک ئیستۆپێک کاریان کرد. کاتێک باران دەیویست بە هێزەوە بڕژێتە نێو شار، ئەم پۆندانە ئاوەکەیان گلدایەوە و هێزەکەیان شکاند.
بەڵام لە سلێمانی (شار و پارێزگا)، دیمەنەکە جیاوازە. لێرە زیاتر پشتی بە بەنداوە گەورەکان (دوکان و دەربەندیخان) بەستووە کە بۆ ئاودێریی و کارەبا بەکاردێن، نەک پاراستنی نێو شار لە لافاوی کتوپڕ.
نەبوونی پۆندی پارێزەر لە دەروازەکانی شار و سەرچاوەی دۆڵەکان، وایکرد ئاو بەبێ بەربەست بگاتە شەقامەکان.
شەڕی ژێر زەوی و ڕۆتینی ئیداری
جگە لە باران و پۆندەکان، چیرۆکەکە ڕەهەندێکی ئیداریشی هەیە. لە ٥ بۆ ٦ ساڵی ڕابردوودا، ڕێڕەوی کارکردن لە نێوان شارەکان جیاواز بووە.
لە هەولێر و دهۆک، دوای لافاوەکانی ڕابردوو، تیمەکان تەنها سەیری ئاسمانیان نەدەکرد، بەڵکو سەیری زەویشیان دەکرد. هەڵمەتێکی فراوان لەلایەکەوە بۆ پاککردنەوەی کەند و ڕێڕەوە سروشتییەکان و لەلایەکی تر بۆ درووستکردنی سیستمی ئاوەڕۆی نوێ و سندوقی بەتایبەتی بۆ ناوچە مەترسیدارەکان، گیراوەتەبەر.
لە سلێمانی، وێنەکە ئاڵۆزترە. بەهۆی کێشەی "سیولەی نەختینە" و ململانێ ئیداری و داراییەکان، پرۆسەی چاکسازی وەکپێویست نەبوو.
هەروەک بەشێکی زۆری ئەو لافاوەی لە ناو خودی شاری سلێمانی بینرا (وەک ناوچەی پیشەسازی و پردی کۆبانی)، هۆکارەکەی تەنها زۆریی ئاو نەبوو، بەڵکو گیرانی ئاوەڕۆکانیش بوو بە پاشماوە و خاشاک.
دەرەنجامی چیرۆکەکە؛ وانەیەک بۆ داهاتوو
سلێمانی لەم ڕووداوەدا قوربانیی دوو هۆکار بوو: تووڕەیی سروشت (کە بارانێکی زۆر زیاتری پێ بەخشی) و کەمتەرخەمیی ئیداری (لە نەبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆی ستراتیژی و پاکنەکردنەوەی لەگەڵ نەبوونی پۆندی بچووک).
لە بەرامبەردا، هەولێر و دهۆک سوودیان لە وانە تاڵەکانی ڕابردوو وەرگرت و بە "قەڵغانی پۆندەکان" و "کەمتربارینی باران" توانییان سەلامەت دەرچن.