ئیمارات و هەرێم؛ وەبەرهێنان لە زۆنی سەوز و پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ زۆنی زەرد
١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە، گەورەترین وەبەرهێنەری کەرتی تایبەتە لە مێژووی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا. ئەم وەبەرهێنانە سەریکێشاوە بۆ پەیوەندییەکی پتەوی سیاسییش. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە، ئەگەرچی وەبەرهێنانی ئیمارات لە زۆنی سەوزە، کەچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆنی زەرد و سەرکردەکانی دایە.
هەولێر و ئەبوزەبی؛ سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکان
لە دەرەوەی بۆرییەکانی گاز، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لە ئاستێکی باڵادایە. ئەم پەیوەندییە تەنها لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵدا نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ هاوشێوەی "هاوبەشییەکی ستراتیژیی".
یەکێک لە ڕووگە تایبەتەکانی نێچیرڤان بارزانی- سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ئیماراتە. تەنانەت وەک دەوترێت، مەسرور بارزانی پەیوەندیی پەیوەندییەکی کەسی و دۆستانەی بەهێزی لەگەڵ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتدا هەیە.
سەردانە بەردەوامەکانی بارزانییەکان بۆ ئەبوزەبی و بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندە جیهانییەکان لەو وڵاتە، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیمارات هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی نزیک لە ناوچەکە دەبینێت.
بۆچی دڵی ئیمارات بۆ پارتی لێدەدات؟
ئەگەرچی کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە زۆنی سەوز (ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، بەڵام پەیوەندیی ئیمارات و کۆمپانیا وەبەرهێنە گازیی و نەوتییەکەی لە کێڵگەی کۆرمۆر "دانە غاز"، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانییدا بەهێزترە.
پرسیار ئەوەیە: هۆکاری ئەم هاوکێشە سەیرە چییە؟
لەسەر بنەمای سەرچاوەکان و شیکردنەوەی دۆخەکە، دەتوانین ئەم پارادۆکسە لە چەند خاڵێکدا کورتبکەینەوە:
١. شەرعییەتی دامەزراوەیی:
ئیمارات وەک دەوڵەت و دانە غاز وەک کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی، مامەڵە لەگەڵ "حکومەت" دەکەن نەک "حیزب".
گرێبەستەکانی نەوت و گاز لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئیمزا کراون. لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت و جومگە سەرەکییەکانی دۆسیەی وزە لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، ئیماراتییەکان هەم ناچارن و هەم خوازیاریشن کە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە هەولێر مامەڵە بکەن بۆ مسۆگەرکدنی یاسایی بوونی کارەکانیان.
٢. دیدگای ئەمنی و ستراتیژیی ئیمارات:
سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات (بەتایبەت لە سەردەمی محەمەد بن زاید) پشتیوانی لە مۆدێلی "حکومڕانی بەهێزی ناوەندی" دەکات. ئەمەش نزیکە لەو دیدگایەی کە مەسرور بارزانی هەیەتی و حەزی بە ناوەندێتییە لە دەسەڵاتدا.
٣. پەیوەندییەک دوورتر لەهەرێم:
نزیکبوونی یەکێتی لە بەرەی ئێران، وایکردووە ئیمارات (کە کێبڕکێی هەرێمیی لەگەڵ ئێراندا هەیە) زیاتر متمانە بە هەولێر بکات.
٤. ململانێی داهات و سکاڵاکانی یەکێتی:
یەکێتیی نیشتمانی و بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حزبە، چەندینجار نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی داهاتی کۆرمۆر و غازەکەی بە دادپەروەریی دابەش ناکرێت و خزمەتی ناوچەکەی ئەوان ناکات. ئەمەش وایکردووە جاروبار ئالەنگاریی و ئاستەنگ بۆ کۆمپانیاکان دروست بێت.
بەڵام بۆ ئیمارات، پارتی وەک "گەرەنتیدەر"ـی بەردەوامی پرۆژەکە دەردەکەوێت، لەکاتێکدا هەڵوێستەکانی یەکێتی وەک مەترسی بۆ سەر وەبەرهێنانەکەیان دەبینن.
٥. پەیوەندی شەخسی و مێژوویی:
خێزانی بارزانی مێژوویەکی درێژیان لە دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا هەیە. ئەم پەیوەندییە کەسییە متمانەیەک دروست دەکات کە بۆ وەبەرهێنەرانی کەنداو (کە زۆر پشت بە متمانەی شەخسی دەبەستن) زۆر گرنگە.
لەنێوان کلیل و قوفڵدا
ئیماراتییەکان گاز لە خاکی "زۆنی سەوز" دەردەهێنن، بەڵام کلیلەکەیان لە گیرفانی "زۆنی زەرد" داناوە.
ئەم واقیعەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، "بەرژەوەندیی پارێزراو"، گرێبەستی فەرمی"، "سەقامگیریی حکومی"و "دیدگای هاوبەش"، لە سەرووی ئیعتیباراتی دیکەوە دێن.