‌‎ئەسیکۆدا؛ بۆچی هەرێم بە بوونی "پۆلیسە دیجیتاڵییەکە" ناڕازییە؟

١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٣٣ پاش نیوەڕۆ

‌‎ئەسیکۆدا؛ بۆچی هەرێم بە بوونی "پۆلیسە دیجیتاڵییەکە" ناڕازییە؟


پەنجەرە

‌‎وادیارە نێوانی بەغدا و هەولێر ناتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، چونکە هەر جارێک کە دەگەنە لێکگەیشتنی رێژەیی لەبارەی کێشەیەکەوە، کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدات. کێشەی ئەمجارە کە لە سەروبەندی تەقینەوەدایە، پەیوەندیدارە بە سیستەمێکی دارایی گومرکییەوە کەناوی ئەسیکۆدا (ASYCUDA)ـیە.

ئەم سیستەمە چییە و بۆ بووە بە کێشەی نێوان هەرێم و ناوەند؟


ئەسیکۆدا؛ سیستەمێک بۆ کۆتاییهێنان بە "مەزاجی شەخسی" لە سنورەکان

‌‎ئەسیکۆدا سیستەمێکی تایبەت بە ڕێکخستنی کاروباری گومرکییە و لەلایەن (UNCTAD)ـی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیزاین کراوە و لە سەرووی ١٠٠ وڵات بەکاردەهێنرێت و زانیاریی گومرکی تۆمار دەکات و چاودێریی دەکات و بەدواداچوونی ئاسان دەکات. 

گرنگیی ئەم سیستەمە لەوەدایە کە دەستی مرۆڤ لە دیاریکردنی بڕی گومرک دەبڕێت. فەرمانبەر ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی یان بە تەلەفۆنێکی بەرپرسێک، گومرکی بارهەڵگرێک لە ١٠ هەزار دۆلارەوە بکات بە ١٠٠ دۆلار. بەڵکو تیایدا هەموو شتێک ئۆتۆماتیکە؛ جۆری کاڵا دەچێتە سیستەمەکەوە و پسوڵەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر سێرڤەرە ناوەندییەکان و خەزێنەی دەوڵەت. 

ئەم سیستەمە شەفافییەتێکی زۆر بەرقەرار دەکات و ڕێگریی دەکات لە گەندەڵیی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی.


 عێراق چۆن بە "ئەسیکۆدا" جەنگی دۆلار و گەندەڵی دەباتەوە؟

‌‎عێراق ئەو وڵاتەی دەیان ساڵە دەروازەکانی وەک "سەرچاوەی پارەی ڕەش" ناسراون، لە ساڵی ٢٠٢١ گرێبەستی ستراتیژیی لەگەڵ (UNCTAD) واژۆکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە. پرۆسەکە لە بەغدا تەنها دانانی کۆمپیوتەر نەبوو، بەڵکو "نەشتەرگەرییەک بوو بۆ دڵی ئابووریی عێراق".

لەعێراقدا ئەسیکۆدا بە شێوەیەکی تایبەت بەستراوەتەوە بە بانکی ناوەندیی عێراق و پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلارەوە.

ئەم سیستەمە، دەتوانێت ئەم کارانەی لایخوارەوە بکات و ئەم سوودانەشی ئەبێت:

1. کوشتنی "وەسڵی تەزویر":
پێشتر بازرگان دۆلاری بە نرخی فەرمی دەكڕی بە بیانووی هێنانی کاڵا، بەڵام کاڵاکەی نەدەهێنا و دۆلارەکەی لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشتەوە.

ئێستا ئەسیکۆدا ڕێگە نادات دۆلار بۆ هیچ بازرگانێک حەواڵە بکرێت تاوەکو لە سیستەمی گومرکدا "ڕێگەپێدانی گومرگی" (Customs Declaration) بۆ کاڵاکە دەرنەچێت و پشتڕاست نەکرێتەوە کە کاڵاکە بەڕاستی هاتۆتە ناو عێراق.

2. بەستنەوەی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان:
ئێستا بەندەری ئوم قەسر، فڕۆکەخانەی بەغدا و دەروازەکان، هەموویان وەک یەک جەستە گرێدراون بەیەکەوە. ئەگەر بازرگانێک لە بەسرە قەرزاری دەوڵەت بێت، لە فڕۆکەخانەی بەغدا سیستەمەکە بلۆکی دەکات.

3. داهاتی خەیاڵی:
بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی عێراق، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە چەند دەروازەیەک، داهات بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠ بۆ ٥٠٪ هەڵکشاوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە "لێخۆشبوونی گومرگیی نایاسایی" و "دەستکاریکردنی پسوڵەکان" بووەتە مەحاڵ.

4. شەفافییەت بۆ وەزارەتی پلاندانان:
ئێستا حکومەتی عێراق لە هەر ساتێکدا دەزانێت عێراق چەند تەن برنج، چەند ئۆتۆمبێل و چەند دەرمان هاوردە دەکات. ئەم داتایانەی کە پێشتر خەمڵاندن بوون، ئێستا ڕاستیی ئاشکران.

بۆچی لە هەرێمی کوردستان دەرگاکان بەڕووی "ئەسیکۆدا"ـدا داخراون؟

‌‎لێرەدا پرسیارە گەورەکە دێتە ئاراوە: ئەگەر ئەم سیستەمە هێندە سیحراوییە، بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا لە دەروازەکانیدا جێبەجێی ناکات؟

ئەگەرچی بەغدا پێداگیریی لەوەدەکات ئەم سیستەمە لە دەروازەکانی هەرێمیش جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەسەر زەوی واقیع، بەرگرییەکی توند هەیە. پرسیارەکەش ئەوەیە: هۆکارە شاراوەکان چین؟

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، پەیوەست بەم بابەتە، سێ خاڵی سەرەکی بوونی هەیە:

1. ترس لە "چاوی گەورە"ـی بەغدا:
کارکردن بە ئەسیکۆدا واتە بەغدا لە چرکەساتێکدا دەزانێت هەرێم چەند داهاتی هەیە. ئەمەش ئەو "ناڕوونییە" ناهێڵێت کە ساڵانێکە لە داهاتی ناوخۆدا هەیە و هەولێر نایەوێت هەموو کارتەکانی بخاتە بەردەم بەغدا.

2. بەرژەوەندیی "کۆمپانیا سێبەرەکان":
نهێنییەکی ئاشکرایە کە دەروازەکانی هەرێم لەژێر هەژموونی کۆمپانیا و کەسایەتی حزبیی باڵادەستدان. ئەسیکۆدا دوژمنی سەرسەختی قاچاخچێتی و "خەت"ـی تایبەتە. جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە واتە وشککردنی ئەو سەرچاوانە.

3. بیانووی سیاسی:
هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم باس لە بوونی سیستەمی خۆیان دەکەن، بەڵام پرسەکە لەبوارێکی تردا بە نیسبەت هەرێمەوە، پرسی سەروەریی و دەسەڵاتە، بەو مانایەی کێ کلیلی دەروازە و داهاتی ناوخۆیی هەرێمی بەدەستەوە بێت: هەولێر یان بەغدا؟

لە کۆتاییدا چیرۆکی ئەسیکۆدا لە هەرێم، لەلایەکەوە ململانێی نێوان دوو حکومەتە لەسەر سێرڤەر و کۆمپیوتەر، لەلایەکی تریشەوە جەنگێکی بێدەنگە لەسەر شەفافییەت و سەروەریی و بەرژەوەندیی گشتی و تایبەت.

پرسیار ئەوەیە: ئایا هەرێم سەرکەوتوو دەبێت لە بەرەنگارییەکەی، یاخود "پۆلیسە دیجیتاڵییەکە" سەر سنوورەکانی ئەویش دەگرێت؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو