خاک تینوو و شار نوقم بوو؛ نهێنی دووبارەبوونەوەی لافاو چییە؟

٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٢٣ پێش نیوەڕۆ

خاک تینوو و شار نوقم بوو؛ نهێنی دووبارەبوونەوەی لافاو چییە؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە زۆر وەرزدا چاو لە ئاسمان دەبڕن بۆ دڵۆپێک باران، لە هەمان کاتدا دانیشتووانی شارە گەورەکان دەستیان لەسەر دڵیانە بەوەی هەر لێزمە بارانێک ببێتە هۆی کارەسات بۆیان.

ئەم دۆخە دژیەکەی نێوان کەمبارانی و لافاو، بووەتە سیمای دیاری پێنج ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان. بەڵام نهێنی ئەم دیاردەیە چییە؟

لە نێوان چاوەڕوانی و کارەساتدا

بە وردبوونەوە لە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانین دۆخی بارانبارینی پێنج ساڵی ڕابردوو (٢٠١٩-٢٠٢٤) بەمجۆرە پۆلێن بکەین:

٢٠١٩-٢٠٢٠ (ساڵی پڕ باران): ئەم ساڵە بە یەکێک لە ساڵە پڕ بارانەکان دادەنرێت، کە ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەکان بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی.

٢٠٢١-٢٠٢٢ (وشکەساڵی سەخت): بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و داتای وەزارەتی کشتوکاڵ، عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی وشکەساڵییەکی توند بوون، ڕێژەی بارانبارین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو دروستبوو.

٢٠٢٣-٢٠٢٤ (بارانی پچڕپچڕ و لافاوی وێرانکەر): لێرەدا هاوکێشەکە گۆڕا. ئەگەرچی کۆی گشتی بارانبارین لە هەندێک ناوچە لە ئاستی مامناوەند بوو، بەڵام شێوازی بارینەکە گۆڕانی بەسەردا هات و بووە هۆی دروستبوونی لافاوی وێرانکەر، بەتایبەتی لە هەولێر و دهۆک.

بۆچی باران کەمە، بەڵام لافاو زۆرە؟

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن دەکرێت وڵاتێک لە مەترسی وشکەساڵیدا بێت، بەڵام ساڵانە لافاو شارەکانی نوقم بکات؟

بۆچوونی پسپۆڕانی ژینگە و ئاوهەوا و ئەندازیاریی، هۆکارەکان بۆ سێ خاڵی سەرەکی دەگەڕێننەوە:

یەکەم: گۆڕانی شێوازی باران

بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، گۆڕانی ئاوهەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووەتە هۆی نەهێشتنی باران بە یەکجاریی، بەڵکو شێوازی بارینەکەی گۆڕیوە.

لە ڕابردوودا باران بە هێواشی و لە ماوەیەکی درێژدا دەباری کە زەوی دەیتوانی هەڵیمژێت. بەڵام لە ئێستادا بارانەکان بوونەتە لێزمە و خێرا، واتە بڕی بارانی مانگێک لەوانەیە لە ماوەی ٢ کاتژمێردا ببارێت.

ئەم بڕە زۆرەی باران، زەوی توانای هەڵمژینی نییە لە کاتێکی کەمدا، بۆیە ئاوەکە بە سەر ڕووی زەویدا دەڕوات و دەبێتە لافاو.

دووەم: دەستکاریکردنی ڕێڕەوی سروشتیی ئاو

ئەمەش یەکێکی ترە لە هۆکارە کە بەرپرسانی حکومی وەک پارێزگاری هەولێر و دهۆکیش چەندینجار ئاماژەیان پێداوە.

بەهۆی فراوانبوونی شارەکان بەبێ پلانی تۆکمە، زۆرێک لە چەمە وەرزیی و شیو و کەندەکان، واتا ئەو ڕێڕەوە سروشتیانەی کە سەدان ساڵە ئاوی بارانیان دەگواستەوە، پڕکراونەتەوە و کراونەتە گەڕەکی نیشتەجێبوون یان شەقام. کاتێک باران دەبارێت، ئاوەکە ڕێڕەوی کۆنی خۆی دەگرێتەبەر و کە بەر بەربەستەکانی وەکو خانوو و پرۆژە نیشتەجێبوونەکان دەکەوێت، لافاو دروست دەبێت.

سێیەم: کێشەی ژێرخانی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردنی شار

شارەکانی هەرێمی کوردستان بە خێراییەکی زۆر گەشەیان کردووە، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم فراوانبوونەدا تۆڕەکانی ئاوەڕۆ گەشەیان نەکردووە.

بەهۆی ئەوەی زۆربەی ڕووبەری شارەکان قیرتاو و کۆنکرێت کراون، خاک بوونی نەماوە تا ئاوەکە هەڵبمژێت. هەربۆیە هەموو دڵۆپە بارانێک لەسەر قیرەکە کۆدەبێتەوە و دواتر دەبێتە ڕووبارێک لەسەر شەقامەکان.

هەروەها بەهۆی فڕێدانی پاشماوەکان لەسەر ڕووی شەقام و کۆڵانەکان، ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان بە زویی دەگیرێن. لەگەڵ نەبوونی پلانی چاکسازیی بەردەوامدا، وادەکات لە کاتی باراندا بەتایبەت ئەگەر بارانەکە بەلێزمە بوو، باراناو کۆببێتەوە و لافاو درووست ببێت.

چارەسەر چییە؟

جگە لەوەی هەرێمی کوردستانیش دەبێت لەڕووی ستراتیژییەوە بەشێک بێت لەو هەوڵانەی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەگیرێتەبەر، هاوکات لەڕووی ئێستاییشەوە دەبێت چەند هەنگاوێک بنێت.

یەکێک لەو هەنگاوانە، دروستکردنی بەنداوی بچووک (پۆند)ـە، ئەمەش بۆ گرتنەوەی ئاوی باران پێش ئەوەی بگاتە ناو شارەکان.

هەروەها ڕێکارێکی تر هێشتنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکانە بە کراوەیی و قەدەغەکردنی دروستکردنی پرۆژە و خانووە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان.

ڕێکارێکی تری گرنگ، بوونی ماستەرپلانە کە شارەکان لە "هەڕەمەکی ئەندازیاریی" ڕزگاربکات، بەشێوەیەک لەنێو ماستەرپلانەکەدا دیزاینی ئاوەڕۆی شارەکان بە ئالیەتێکی سەردەمییانە بکرێت، کە تیایدا ڕەچاوی ئەم دۆخە سروشتییانە بکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو