دوای ساڵێک لە دەسەڵات گرتنەدەست؛ ئەحمەد شەرع لە قۆناغی سیمبوڵیدا چەقیوە
٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەهەمان ئەو جلوبەرگە سەربازییەی ساڵێک لەمەوبەر لە دەروازەی دیمەشق "سوجدەی شوکر"ـی برد و کۆشکەکەی بەشار ئەسەدی ڕادەستکرا، ئەحمەد شەرع ساڵیادی گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆتایی هاتنی ڕژێمی پێشووی بەرز ڕاگرت.
دوای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ئەسەد و دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، بەڵام هێشتا شەرع دەسەڵاتی سیمبولی تێنەپەڕاندووە و دۆخی وڵاتەکەشی لەوپەڕی شپرزەییدایە.
گیرۆدەی دەستی جەمسەرە نەیارەکان
سەرۆکی سوریا کەوتووەتە نێو بەرداشی کۆمەڵێک زلهێزی نەیار و بەرژەوەندی تێکئاڵاو، دۆخەکە بۆ ئەحمەد شەرع هێندە سەختە ئەگەر بەوریاییەوە هەنگاو نەنێت ڕەنگە لە پڕدا هەموو شت لەدەست بدات.
ئەحمەد شەرع پێویستی بە پاڵپشتی سعودیەیە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە سوریایەکی بەهێزی ناوێت و دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە هەمیشە ژێر دەستەی بێت.
جوڵەکانی تورکیاش بە دڵی سعودیە نین و هەوڵی هەژموونی زیاتر دەدات بەسەر سوریادا، شەرعیش دەبێت هەمووان ڕازی بکات.
ئیسرائیل بە تەنیشت دەسەڵاتەکەی شەرعەوەیە و بەردەوام هەڕەشە دەکات، لەکاتێکدا ناوبراو پێویستی بە ڕازیکردنی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی ئەمەریکا هەماهەنگی لە مەسەلە ئابووری و سیاسییەکاندا لەگەڵ بکات.
ناچاربوونی ئەحمەد شەرع بە ڕازیکردنی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوریایەکی لاواز و پارچە پارچەبوی دەوێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبێتە مایەی مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی.
بەمپێیە وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و ئیسرائیلیش لەوەدا هاو ئامانجن کە نایانەوێت شەرع بەهێز بێت، وڵاتانی عەرەبی سوریایەکی لاوازی کۆنترۆڵکراوی خۆیان، تورکیاش سوریایەکی ژێر دەستەی خۆی، ئیسرائیلیش سوریایەکی لاوازی دوور لە مەترسی دەوێت.
هەموو ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکەن و بەهێزبونی سوریایان ناوێت، پێویستیان بە سەرۆک بونی ئەحمەد شەرعە بە ئەمەریکاشەوە، تا بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سوریا سودی لێوەربگرن.
ئەحمەد شەرع هەرچەندە لەڕووی سیمبوڵییەوە سەرۆکایەتی سوریا دەکات، بەڵام لەسەر زەوی سەرۆکی وڵاتێکی پارچە پارچە کراوە و دەسەڵاتی بەسەر زۆر ناوچەی وڵاتەکەی و زۆر گروپی چەکداردا نییە.
حاکمی وڵاتێکی لەتوپەتکراو
هەرچەندە ئەحمەد شەرع لەڕووی سیمبوڵییەوە نوێنەرایەتی سوریا دەکات، بەڵام لەڕووی کردارییەوە خاوەن دەسەڵاتی ڕەهای نێو وڵاتەکەی نییە و سوریا بوەتە وڵاتێکی پڕ لە حاکم.
ناوچە درووزنیشینەکان، ناوچە عەلەوی نیشینەکان، ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیادان، هەروەها زۆرێک ناوچەی تر هەن لەژێر کۆنترۆڵی کوێخا و گروپی تری سەربازیدان و شەرع دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێت.
هەرچەندە شەرع دەستبەرداری گوتاری بونیاتنانی دەوڵەتێکی سونە و زیندووکردنەوەی خەونی ئەمەوییەکان بوە، بەڵام پێکهاتەکان و گروپە چەکدارەکانیش متمانەی پێناکەن و لەمپەری گەورەی بەردەم دەسەڵاتەکەین.
کورد لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا، درووز لەلایەن ئیسرائیل، عەلەوی لەلایەن ئێران و روسیا، گروپەکانیش هەریەکە و ئەجێندای تورکیا و وڵاتانی تر جێبەجێ دەکەن و شەرع ناتوانێت ململانێی هەموویان بکات.
کورد لە سوریا لەهەموو پێکهاتەکانی تر بەهێز ترە بە دەسەڵاتەکەی شەرعیشەوە، بەوپێیەی ژمارەی شەڕڤانان لە ژمارەی سوپای سوریا و جۆری چەک و تەقەمەنیشیان لەوانەی سوریا پێشکەوتوو ترە، ئەمەش گرفتی گەورەیە بۆ شەرع.
جیاواز لە پەرتبونی سوریا و باڵادەست نەبونی شەرع بەسەر وڵات دا، هێشتا خەڵکی سوریا لە دۆخێکی خراپی داراییدان، کەرتی کارەبا و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تر داڕووخاون و شەرعیش بەو ئابوورییە لاوازەوە دەرەقەتی کێشەکان نایەت.
بەمپێیە هەرچەندە ئەحمەد شەرع لەڕووی سیمبوڵییەوە نوێنەرایەتی سوریا دەکات لای دونیای دەرەوە، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە وڵاتەکەی لەژێر کۆنترۆڵیدا نییە.