ئاگر لە سوریا و پریشکەکەی لە هەرێمی کوردستان

٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٦ پاش نیوەڕۆ

ئاگر لە سوریا و پریشکەکەی لە هەرێمی کوردستان

پەنجەرە

ناکۆکی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەر چەند بەرەیەک دابەشکردووە، لەکاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی هەرێم هاوسۆزن لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤادا.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچەندە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاساییکردووەتەوە، بەڵام پاڵپشتی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا (ئەنەکەسە) دەکات.

یەکێتی نیشتمانی و چەند لایەنێکی تر پشتگیری خۆیان بۆ هەسەدە دووپاتکردووەتەوە، هێزە ئیسلامییەکانیش تا ئەندازەیەکی زۆر هاوسۆزن لەگەڵ حکومەتەکەی شەرع دا.

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕوانینی ئیسلامییەکان بۆ دۆخی سوریا هەڵەی تێدا نەبووە، بەڵکو ڕوانینی یەکێتی و پارتی بۆ دۆخی سوریا هەڵەیە و دابەشبوون بەسەر بەرەی جیاوازی ئیقلیمیدا.

دەشڵێت: ئیسلامییەکان خۆشحاڵن بە کەوتنی دیکتاتۆرێک و گوتاریان لەمە تێنەپەڕیووە بۆ وردەکاری کێشەی سوریا.

دوای کەوتنی رژێمی سوریا و هەڵاتنی سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا بۆ ڕوسیا، بەرپرسانی کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامی خۆشحاڵی خۆیان بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتی سوریا لەلایەن شەرعەوە دەربڕی.

ناو بەناو سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیش سەردانی تورکیا دەکات، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە نەیاری هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاڵپشتیکاری حکومەتەکەی شەرعە.

هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی ڕەتیدەکەنەوە جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیا و دژی هەسەدە بن، بەڵام لەسەر ئاستی شەقامی کوردی ئەو حزبە بە ئیخوانی و لایەنگری سیاسەتی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکرێت.

سەرکردەکەی کۆمەڵ وتی: هیوادارین سوریای سەردەمی نوێ سوریای هەموو پێکهاتەکان بێت بە کورد و عەرەب و موسڵمان و مەسیحی و پێکهاتەکانی ترەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە هێزێکی نەیاری پەکەکە هەژمارد دەکرێت و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەلایەنگیری پەکەکە تۆمەتبار دەکات، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریای ڕکابەری هەسەدە ناشارێتەوە.

یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی تریش، لە ڕێگەی بەیاننامەو گوتاری سیاسی بەرپرسەکانیانەوە، پشتگیری خۆیان بۆ هەسەدە دەربڕیووەو دژی هێرشکردنی گروپەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر هەسەدە ناڕەزایەتییان دەربڕیووە.

هەرچەندە لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنن، بەڵام لەسەر ئاستی شەقامی هەرێم هاوسۆزییەکی گەورە لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤا دەبینرێت.

چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی نیگەرانن لە گوتار جیایی حزبە کوردییەکان بەڵام لە ڕێگەی کەمپینەوە هاوکاریان بە کوردانی ڕۆژئاڤا گەیاندووە.

چالاکواکانان دەڵێن، بەرژەوەندی ئابووری و تێڕوانینی ئاینی و جیاوازی مەزهەبی ڕۆڵیان هەیە لە دابەشبوونی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، میللەت و نیشتمانیان کردووەتە قوربانی ئایدیا.

بۆچوونی جیایی هێز و لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا لەکاتێکدایە، ئەو لایەنانە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە زۆرێک لە پرسە گرنگەکاندا ناکۆک و ناتەبان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو