ڕۆژئاوا؛ لە مەترسیی سڕینەوەوە بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی
١٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٣٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە مێژووی سوریادا، هیچ هەفتەیەک وەک هەفتەی ڕابردوو بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پڕبایەخ و یەکلاکەرەوە نەبووە، چونکە سەرەرای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەچی سێ جەمسەری بڕیاردانی جیهانی (پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا وئەنجومەنی ئاسایش وکۆنگرێس) بە جیا و لە کاتێکی هەماهەنگدا، (قەڵغانێکی یاسایی و سیاسی) یان بۆ پاراستنی کورد بە تایبەت و پێکهاتەکانی سوریا بەگشتی دروست کرد. هەرچەندە بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەورووپا و بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش گفتوگۆکانی لیژنەی دەروەى کۆنگرێس لە ڕووی کاریگەری یاساییەوە وەک (ڕاسپاردە-توصيات - Recommendations ) پۆلێن دەکرێن، بەڵام لە ناواخنیاندا هەڵگری ئیلتزامێکی سیاسی و ئەخلاقیی کاریگەرن کە ڕێگە بۆ لێکەوتەی یاسایی کاریگەر خۆش دەکەن. لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەین خوێندنەوەیەکی شیکاریی بۆ ئەو سێگۆشە نێودەوڵەتییە بکەین کە خەریکە عورفێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دادەڕێژێت.
یەکەم : پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ هۆشداری دا کە پێشێلکارییەکان و ئەو تاوانانەى کە سوپای سوریای عەرەبی و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە احمد شەرع ئەنجامیان داوە دژ بە کورد لە رۆژئاوا دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ. لێرەدا ئەم بڕیارە گرنگییەکە لەوەدا نییە کە بڕیارەکە ئیلزامییە یان نا، بەڵکو لەوەدایە کە پێناسەیەکی یاسایی بۆ تاوانەکان و پێشلکاریەکان دروست کردوە. کاتێک دامەزراوەیەکی وا گەورە چەمکی (تاوانی جەنگ) بەکاردێنێت، حکومەتە ئەورووپییەکان لە ڕووی سیاسییەوە ئیلتزامێکیان دەکەوێتە سەر کە ناتوانن هاوکاری سەربازی و ئابووری لایەنی تۆمەتبار بکەن، چونکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی پەرلەمان و ڕای گشتی دەبنەوە.
دووەم: بەیاننامەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە پێشوازی لە ڕێککەوتنی (هەسەدە و دیمەشق) کرد، تەنها ئاماژەیەکی هاندەرانە نیە بۆ پرۆسەى ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا ، بەڵکو جەختکردنەوە بوو لەسەر پرەنسیپی (بەرپرسیارێتی پاراستن- (R2P لە یاسای نێودەوڵەتیدا، کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت (بەرپرسیارێتی حکومەتە کورد بپارێزێت)، ئەمە ڕاستەوخۆ دەبێتە مەرج بۆ سەروەریی ئەو دەوڵەتە. لە هەمانکاتدا ئەم ڕاسپاردەیە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەر پێشێلکارییەک دژی کورد وەک (هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی) هەژمار بکرێت. خاڵێک لێرەدا کە گرنگە ئاماژەى پێ بکەین ئەوەیە ئەم بڕیارە بە ناڕاستەوخۆ بەربەست بۆ تورکیا دروست دەکات؛ چونکە هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر کورد کە ئێستا لە ژێر چەتری ڕێککەوتنێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدان، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی هەژمار دەکرێت.
سێیەم: دانیشتنی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس تەنها گفتوگۆیی سیاسی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی فشارێکی جدیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەى احمد شەرع لەسوریا. لێدوانەکەی برایان ماست کە لابردنی سزاکانی (یاسای قەیسەر) ی مەرجدارکرد بە پاراستنی کورد، ئاماژەیەکی روونە کە پشتگوێ خستنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرێس وابەستەن بە سزادانی دارایی.
هەروەها هۆشدارییەکانی نادین ماینزا بۆئەگەری ڕوودانی جینۆساید، وای کرد کە دۆسیەی ڕۆژئاوا لە کێشەیەکی ناوخۆیی و هەرێمیەوە ببێتە دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی. هەروەها ئاماژەکردن بە ڕۆڵی خراپی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا ئەمە گەورەترین فشاری سیاسییە بۆ سەر ئەنقەرە.
چوارەم: پڕۆژەیاسای (پاراستنی کورد- Save the Kurds Act )ە، کە سیناتۆر لیندسی گراهام پێشکەشی کردوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی کورد، چونکە ئەم پڕۆژەیاسایە دەیەوێت (ئیلتزامێکی یاسایی) ناوخۆیی لە ئەمریکا دروست بکات کە سزای توند بسەپێنێت بەسەر هەر لایەنێک (حکومەت یان گروپ) کە بەشداری بکات لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی کورد.
ئاماژەدان بە ڕۆڵی خراپی تورکیا لەلایەن گراهام و کۆنگرێس و پەرلەمانی ئەورووپاوە، کۆتایی بەو قۆناغە هێنا کە تورکیا دەیتوانی لە ژێر پەردەی ئاسایشی نەتەوەییدا هێرش بکات. ئیتر تورکیا وەک لایەنێکی تێکدەر و هەڕەشە بۆ سەر کەمینەکان ناوی هێنراوە.
لە کۆتایدا دەتوانین بڵین هەرچەندە لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ڕاسپاردەدان، بەڵام لە ڕووی پڕاکتیکییەوە ئیلتزامی سیاسیی گرنگ دروست دەکەن، چونکە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ئەم ڕاسپاردانەوە، سنوورێکی بۆ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع کیشاوە، لە هەمانکاتدا خەریکە عورفێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دادەڕێژێت. لەلایەکی تریشەوە ئەم هەنگاوانە بۆ کورد، دەستکەوتێکی گەورەیە؛ چونکە دۆسیەکەیانی لە ململانێیەکی ناوخۆییەوە گۆڕیوە بۆ ئیلتزامێکی نێودەوڵەتی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات کە لە چوارچێوەى رێکەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدیدا دراون. بە مانایەکی تر ئیتر پاراستنی ڕۆژئاوا تەنها ئەرکی هەسەدە نییە، بەڵکو بووەتە پێوەری شەرعیەتدان بۆ هەر دەسەڵاتێک کە بیەوێت لە داهاتووی سوریادا رۆڵی هەبێت هەبێت.