بۆچی فازڵ میرانی لەبری هۆشیار زێباریی کرایە سەرۆکی شاندی دانوستانی پارتی؟
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاری لە سەرۆکی شاندەکانیدا بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقی و کوردییەکاندا دەکات، هەروەها شاندی دانوستانکاری عێراق و هەرێمیش لەیەکتری جیا دەکاتەوە.
شاندی پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هۆشیار زێبارییە، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری ئەو حزبە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەلایەن فازڵ میرانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
پارتی؛ دانوستان و ئاراستە جودایی
دروستکردنی دوو شاندی جیاواز لەلایەن پارتییەوە بۆ دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و عێراق، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە پارتی بەیەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ پۆستەکانی هەرێم و بەغدا ناکات.
لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیەوێت پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بە یەک پاکێج لەگەڵ پارتی یەکلایی بکاتەوە و هیچ گرفتێکی نەیەتە پێش بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
پارتی بە جیاکردنەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا لەیەکتری، ئەو پەیامەشی گەیاندە حزب و لایەنەکان کە بە جیا دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت ودەست گەیشتنی بەو پۆستانەی کە بەلایەوە مەبەستن.
سەرۆکایەتی شاند؛ لە هۆشیار زێبارییەوە بۆ فازڵ میرانی
زۆر شاندەکانی پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەلایەن هۆشیار زێبارییەوە سەرۆکایەتی دەکرا، بەڵام ئەمجارە هۆشیار زێباری کرایە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم و فازڵ میرانی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
پێدەچێت هۆکاری گۆڕانکاریی لە سەرۆکایەتی شاندی پارتی لە هۆشیار زێبارییەوە بۆ فازڵ میرانی، پەیوەندی بەو لێدوانانەوە هەبێت کە پێشتر زێباریی دژی عێراق داونی، ئەمە جگە لەوەی زێباریی کاتێک سەرکەوتوو نەبو لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵوێستی توندی بەرامبەر لایەنە شیعەکان نواند.
لە ڕابردوودا، زۆرجار هۆشیار زێباریی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە بە پۆستە توند و هەستیارەکانی، بەشێک لەلایەنە شیعی و تەنانەت سونەکانیشی توڕە کردووە، بەتایبەت محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدومیش کە گەورەترین هێزی سونەیە لە هێرشەکانی زیباریی قوتاری نەبوە.