ژمارەیەک دەستگیرکراوی لالەزار ئازاد دەکرێن
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر دەستگیرکردنیان دا، ژمارەیەک چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل کە لە لالەزار دەستگیرکرابوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە ئازاد کران.
سەرکردەیەکی بەرەی گەل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوێنێ پێنجشەممە، ژمارەیەک دەستگیرکراوی لالەزار ئازاد کراون، ئازادکراوەکان خەڵکی شارەزوور، سلێمانی، ڕانیە، هەریر و ناوچەکانی تریان تێدا بوە.
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارە ئازادکراوەکان، سەرکردەکەی بەرەی گەل وتی: سێ ژمارەمان پێگەیشتووە، (15، 20، 25) کەس، نازانین کام لەو ژمارانە دروستن، بەڵام بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستگیرکراوی تر ئازاد بکرێن.