بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی: ئەنجومەنی شارەوانی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستکردنی “شاری باڵیۆزخانەی کلتوری” لە سلێمانی
١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەڵێت، ڕاسپاردەیان ئاراستەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کردووە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بۆ دروستکردنی “شاری باڵیۆزخانەی کلتوری” لە سلێمانی.
موحسن ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: داوامانکردووە دروستکردنی شارە کلتورییەکە بخرێتە ماستەرپلانی سلێمانییەوە و ڕووبەرێک زەوی بۆ تەرخان بکرێت، ئەمەش گرنگی دیپلۆماسی و سیاسی و کلتوری و ئابووری بۆ شارەکە دەبێت.
دەشڵێت: دەبێت لەو شارە کلتورییە ئۆفیس بۆ کونسوڵخانەکان دروست بکرێت، هوڵێکی گەورە بۆ دیالۆگی شارستانییەتەکان و مۆزخانەیەکی کەلەپوریش تا هەر وڵاتێک گۆشەی کلتوری خۆی تێدا بکاتەوە، بەوپێیەی سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە.
خەختیکردەوە: کردنەوەی گۆشەی کلتوری و ئۆفیسی کونسوڵخانەکان لە سلێمانی دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی سلێمانی لەڕووی دیپلۆماسی، ئابووری، سیاسی و کلتورییەوە.
داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کرد، دەستوبرد بکەن و هەوڵ بدەن بەخێرایی کار بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە بکەن.