لایەنە سونەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان شەڕیانە
١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مشتومڕی قورس لەنێو لایەنە سونەکانی عێراق دا لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجونی نوێنەرانی عێراق ڕوو دەدات، محەمەد حەلبوسی داوای پۆستەکە دەکات و بەشێک لە لایەنەکان ناڕازین.
بەرپرسێکی باڵای عەرەبی سونە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: موسەنا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لەهەموو سەرکردەکانی سونە زیاتر دژی پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە بە حەلبوسی، خۆشی حەزی لە پۆستەکەیە و هەفتەی ڕابردوو سەردانی ئێرانی کردووە.
دەشڵێت: ڕەنگە دواجار پۆستەکە بدرێتە هاوپەیمانی تەقەدوم، محەمەد تەمیم و چەند کەسێکی تر، چانسی وەرگرتنی پۆستەکەیان هەیە.
هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبوسی، زۆرترین کورسی پەرلەمانی هێناوە بەراورد بە لایەنە سونەکانی تر، بەڵام بیانوی لایەنە سونەکان ئەوەیە ناکرێت پۆستەکە هەر لای حەلبوسی و خەڵکی ئەنبار بێت و دەبێت گۆڕانکاریی ئەنجام بدرێت.
لای خۆیەوە ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: محەمەد حەلبوسی سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەگەر لایەنە سونەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەگەنە ڕێککەوتن، پێدەچێت یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە.