ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ پەنجەرە: میدیا لە هەرێم کەشی بانگەشەی هەڵبژاردنی تێنەپەڕاندووە

١٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٠ پاش نیوەڕۆ

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ پەنجەرە: میدیا لە هەرێم کەشی بانگەشەی هەڵبژاردنی تێنەپەڕاندووە

پەنجەرە

رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، میدیای حزبی و سێبەر لە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێن و دەبێت بەرپرسان ڕێگریی لە بەکارهێنانیان بکەن و پرۆفیشناڵانە کاری ڕاگەیاندن ئەنجام بدەن.

رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: میدیا لە هەرێمی کوردستان کەشی بانگەشەی هەڵبژاردنی تێنەپەڕاندووە، بۆیە تەنانەت نەهامەتییەکانی خەڵکی چەمچەماڵیش لەچوارچێوەی ئەم کەشەدا تەوزیف دەکرێت.

دەشڵێت: "هاوکات لەگەڵ تەوزیفکردنی نەهامەتی خەڵکدا، بەڵام ئێمە لەگەڵ سەنگەرگرتن لە میدیا نین، دەبوایە کاک قوباد تاڵەبانی پەیامنێری ئەو کەناڵەی بۆ کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بانگ بکات و پەیامەکانی لەڕێگەی خۆیانەوە بگەیاندایە."

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە قەزای چەمچەماڵ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هێرشیکردە سەر کەناڵێکی ڕاگەیاندن و بە "شیرپەنجە" ناوی برد.

ئەگەرچی ناوی کەناڵەکەی نەهێنا، بەڵام مەبەستی قوباد تاڵەبانی کەناڵی "ئاڤا"ـیە کە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

ڕەحمان غەریب، لە لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە، جەختیکردەوە لەوە کەناڵەکان کراون بە بەشێک لە ململانێی نێوان حزبەکان.

وتی: "ئەو هۆکارانەی بوە هۆی ئەوەی کاک قوباد کەناڵێک بە شێرپەنجە ناو ببات، کەناڵەکانی یەکێتیش بەهەمانشێوە مامەڵەیان لەگەڵ هەندێک ڕووداودا کردووە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو