مالکی و سودانی؛ شەڕی چارەنوسیان دەکەن
١٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ململانێی چارەنوسی سیاسییان دەکەن، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکانی تر گیرۆدەی دەست ناکۆکی نێوانیانن.
نوری مالکی هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی سودانی لە پۆستەکەی چڕ کردووەتەوە، سودانیش دەست بەرداربون لە پۆستەکەی ڕەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵەکانی بەو ئاراستەیەن خولێکی تر بمێنێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی کە بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی پشتی بە فشارە دەرەکییەکان بەستووە، دڵنیایە لەوەی ئەگەر پۆستی سەرۆکوەزیران لەدەست بدات خۆری سیاسی ئاوا دەبێت و هاوپەیمانێتییەکەشی دووچاری کەرتبون دەبێت.
نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نایەوێت بەمانەوەی لە پۆستەکەی، سودانی پێگەی خۆی بەهێز بکات و جێگە بە هێزەکانی تر بەتایبەت خۆی لێژ بکات.
پێدەچێت نوری مالکی تەمەن ( ٧٥ ساڵ )، کە ماوەی نزیکەی ١٩ ساڵە و بەسود وەرگرتن لە دەسەڵات و پۆستی سەرۆکوەزیران بوە یەکێک لە بەهێزترین سیاسییەکانی عێراق، دوایین گەڕی ململانێی بەڕێوە بەرێت، بەو پێیەی تەمەنی هەڵکشاوە و دۆخی تەندروستیشی ڕێگەی بەردەوام بونی پێنادات.
لەکاتێکدا محەمەد شیاع سودانی سیاسییەکی تازە پێگەیشتوی گەنجە و دەرفەت زۆرە لە پێشی، بۆ ئەوەی لە داهاتوشدا بەشداری کێبڕکێ سیاسییەکان بکات.
سودانی و مالکی، وەکو دوو کاندیدی بەهێز ناویان لەنێو لیستی کاندیدە شیعەکاندایە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەگەر فشارە دەرەکییەکان کاریگەرییان نەبێت ڕەنگە کارتی یەکتری بسوتێنن و ململانێی نێوانیان، بە قازانجی کاندیدێکی تر کۆتایی بێت.