ده‌رمانی ده‌ردی چه‌مچه‌ماڵ لای بانكی ناوه‌ندی عێراقه
١٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێزمه بارانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو، هه‌م دڵخۆشیكردین بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ترسی ووشكه ساڵی و هه‌میش خه‌فه‌تباریشی كردین به‌و كاره‌ساته نیو سروشتی- نیو ده‌ستكرده‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری چه‌مچه‌ماڵ داهات. كاره‌ساتی سروشتی، دوو دیووی هه‌یه. كاره‌ساتێك كاتییه‌و دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، دوای زه‌ره‌رو زیانه گیانی وماددییه‌كان، به‌دڵته‌نگ بوون و خه‌م خواردن بۆ قوربانیان و زیان مه‌ندان ژیانكردن له‌جوگرافیاكه ئاسایی ده‌بێته‌وه، جۆری دووه‌مییان كاره‌ساته‌كه دوو قاته، ئاسه‌وارو كاریگه‌رییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، وه‌كو كاره‌ساتی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی فوكوشیمای ژاپۆنی به‌هۆی تسونامییه‌كه‌ی ئازاری 2011، كه كاریگه‌رییه‌كانی بۆ چه‌ند ده‌یه‌ك به‌رده‌وامی ده‌بێت و زیانه گیانی و ماددییه‌كانی بێ شووماریش بوون. خۆشبه‌ختانه قه‌باره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ سه‌دان و هه‌زاران قات كه‌متره به‌ڵام ئه‌وه بۆ تێگه‌یشتن بوو له‌جۆری كاره‌ساته سروشتییه‌كان و كاریگه‌رییه كورت مه‌ودا یا درێژخایه‌نه‌كانی.
ئه‌م كاره‌ساته‌ی چه‌مچه‌ماڵ دوو ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت؛ شۆكبوون و بێ جێگه‌و بێ ماڵ، ئه‌ویتر داڕمان و به‌كه‌ڵه‌ك نه‌مانی به‌شێكی زۆری ژێرخانی ئاووئاوه‌ڕۆی شاره‌كه‌و له‌گه‌ڵ به‌كه‌ڵك نه‌مانی به‌شێكی زۆری سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی په‌ره‌وه‌رده و رێگاوبان و ئه‌وانی دیكه. له‌ره‌گه‌زی یه‌كه‌می كاره‌ساته‌كه، به‌شێكی خه‌ڵك میدیاكان و رێكخراوه‌كانی خێرخوازی و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، سه‌ركه‌وتووبوون له‌گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان و نیشاندانی ره‌سمێكی هاوخه‌می، به‌ده‌ر له‌و نوقورچگرتنه سیاسی و ناپرۆفێشناڵی میدیایی و گه‌مه‌ی ئۆپۆزسیۆنی، تاڕاده‌یه‌ك هاوسۆزییه‌كان له‌شوێنی خۆیدابوون. به‌ڵام ئه‌مه وه‌كو رێككاره‌كانی پزیشكی ده‌كرێت ناوی بنێین فریاگوزاری سه‌ره‌تایی و چاره‌سه‌ركردنی برین و ده‌رده گه‌روه‌كه ده‌كه‌وێته هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری و نه‌خۆشخانه گه‌وره‌كان كه ئه‌ویش حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نده‌و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌ره‌گه‌زی دووه‌می كاریگه‌رییه‌كانی كاره‌ساتی لافاوه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ. بۆیه ده‌بێت كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت له‌یاری بچووكی سیاسی بێنه ده‌ره‌وه‌و به‌بیرو ستراتیژییه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌دارانه ده‌ست بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی و ریشه‌یی ئه‌و كاره‌ساته ببه‌ن.
یه‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت چی بكات؟
جكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌دوو شێواز بودجه بۆ چه‌مچه‌ماڵ دابین بكات، یه‌كه‌م له‌رێگه‌ی ته‌رخانكردنی رێژه‌یه‌ك له‌كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم بۆ ئه‌م مانگه (5%، 10%، 15%..هتد)، یاخود پێدانی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه پێویسته سلێمانی بۆ ته‌واوكردنی بری 120 ملیاره‌كه‌ی مووچه دابین ده‌كات كه نزیكه‌ی 50 ملیاردیناره، هه‌مووی ره‌وانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ بكات و حكومه‌تی هه‌رێم خۆی ته‌واوكاری بۆ 120 ملیاره‌كه بكات له‌چوارچێوه‌ی داهاتی دیكه‌وه. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت، له‌رێگه‌ی ره‌وانكردنی فۆرمێكه‌وه به‌ر له‌دابه‌شكردنی مووچه، به‌رێژه‌ی 2% داوای به‌خشین بكات له‌فه‌رمانبه‌ران به‌ره‌زامه‌ندی بێت ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی خراپ نابێت وكونێك ده‌گرێت به‌ده‌ردی گووته‌نی.
دووه‌م: چۆن بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌تی فیدراڵ بهێنینه ناوه‌وه؟
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌توانێت له‌رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه سه‌ردانی به‌غدا بكات و له‌چوارچێوه‌ی قانوونی ئیداری مالی 2019 و یاسای بودجه‌ی فیدراڵی ژماره 13ی 2023 بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، به‌تایبه‌ت له ماددەی ٦ و خاڵی ٣ لەبەندی یەکەمی ماددەه دووەم ڕێککارەکانه خەرجکردنی پارە بۆ حاڵەتی لەناکاو-تەواری ڕوونکراوەتەوە.
کە راستەوخۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی، دەتوانن گوژمەی یەکەم ٣ ملیار ده‌نار بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو خەرج بکەن. هەروەها هەر لەو دوو ماددەیەدا ئەوە روونکراوەتەوە لەحاڵەتی تەرخانکردنه پارەی زیاتر، ئەوا دەتوانرێت لەئه‌نەجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت بۆ دەستخستنی رەزامەندی. ئه‌وا خاڵێكی دیكه‌ش هه‌یه كه ده‌توانن كاری له‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌ویش بانكی ناوه‌ندی عیراقه. ده‌توانن له‌رێگه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقییه‌وه هه‌رێمی كوردستان داوای قه‌رزێكی 200 ملیۆن دۆلاری بكه‌ن بۆ بونیادنانه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێی چه‌مچه‌ماڵ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه سه‌ره‌كی و گه‌وره‌كانی كاره‌ساته‌كه‌و پێش كاره‌ساته‌كه‌ش به‌مه‌رجێك واده‌ی دانه‌وه‌ی له 10 ساڵ كه‌متر نه‌بێـت و قازانجیش نه‌چێته سه‌ر قه‌رزه‌كه. به‌م هه‌نگاوه ئه‌گه‌ر سه‌ر بگرێت ئه‌وا كێشه بنه‌ره‌تییه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و خوێنبه‌ربوونی ئێستای به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه راده‌گیرێت و رزگاری ده‌بێت له‌مه‌ترسییه‌كانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان كاره‌سات له‌داهاتووشدا.
هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم له‌رێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه ده‌توانێت داوای رێنماییه‌كی ئیستیسنا بكات و به‌وه‌ی ئه‌و ماڵ و هاووڵاتییانه‌ی كه تووشی زیانی زۆری لافاوه‌كه بوون، سوودمه‌ندبن له‌قه‌رزی بانكی ناوه‌ندی كه ئێستا بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ندو باشووری عیراق به‌رده‌سته به‌بڕی 15 ملیۆن دینار و به‌بێ خستنه‌سه‌ری هیچ زیاده‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش هاوكارییه‌كی خراپ نابێت.
بۆیه له‌كۆتاییدا، ئه‌وه‌ی پێویسته بوترێت، كاره‌ساته‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌چه‌ند سه‌به‌ته‌یه‌ك و جه‌لیكانی نه‌وت و چه‌ند ملیارێكی خێرخوازان و بودجه‌ی كه‌می هه‌رێم چاره ناكرێت، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی به‌هێنانه‌وه‌ی سه‌رچاوه داراییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كرێت هه‌م له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ته‌واری –فریاگوزاری و هه‌میش له‌رێگه‌ی قه‌رزو منحه‌ی بانكی ناوه‌نده‌ی عیراقه‌وه ده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بودجه‌ی هێنانه سه‌رپێی چه‌مچه‌ماڵ قه‌به‌یه‌و به‌پینه‌و په‌رۆو شه‌ڕه په‌رۆی سیاسی عیلاجی نییه، ده‌رمانه‌كه‌ی له‌به‌غدایه!