تاڤگە عومەر بۆ پەنجەرە: دیار نییە کەی دەستگیرکراوەکانی قەزای خەبات دەبرێنە بەردەم دادوەر
١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، فەرمان سادق
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی بارگرژییەکانی گوندی لاجان دەڵێت، لە زینداندا هەریەک لە نێچیروان هەرکی، کەبیر سلێمان هەرکی و غازی ساڵح هەرکییان بینیووە، دیار نییە کەی دەبرێنە بەردەم دادوەر.
تاڤگە عومەر ڕەشید، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی بارگرژییەکانی گوندی لاجان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ دەستگیرکراوەکان گفتووگۆمان کرد و پرسیاری زۆرمان لێکردن، ئەوان لە مامەڵەی هێزەکان و شوێنی مانەوە و خزمەتگوزارییەکان ڕازی بون، باری تەندروستیشیان زۆر باش بو، ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە نەبو.
دەشڵێت: ئەوان هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، بۆیە دیار نییە کەی دەبرێنە بەردەم دادوەر بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسیان بدرێت.
لەبارەی بڵاو بونەوەی گرتەی ڤیدۆیی نێچیروان هەرکی لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، تاڤگە عومەر وتی:
خاتوو مونا یاقوو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، پرسیاری لە نێچیروان هەرکی کرد کە دانپێدانانەکەی لەژێر هەڕەشەدا بوە یان نە؟ ڕەتیکردەوە لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدا دانی بە تۆمەتەکاندا نابێت.
دوای دروستبوونی خۆپیشاندان لە گوندی لاجانی سەر بە ناحییەی گوێر بەهۆی داواکاریی دامەزراندن لە پاڵاوگەی لاناز، زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی دیکە دروستبوو، لەبەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان بە تۆمەتی "پیلانگێڕیی" و "ئاژاوەنانەوە" دەستگیر کرد، کە یەکێک لەوانە بەرپرسی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی نیشتمانییە.