کوردی ڕۆژئاڤا لەنێوان بەرداشی سوریا و تورکیادا
١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێشمەکێشی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بەردەوامە، سەرکردەیەکی گروپە چەکدارەکانی سوریاش هەڕەشەی بەکارهێنانی “ شمشێر” لە دژی کوردانی ڕۆژئاڤا دەکات.
لەکاتێکدا دانوستانی نێوان کورد و حکومەتی دیمەشق بە خاوی بەڕێوەدەچێت، بەڵام دۆخەکە ناو بە ناو هەڕەشەکردن و هێز جوڵاندنی تێدەکەوێت.
هەرچەندە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، بەڵام بۆ ڕوودانی هەر بارگرژییەک لە سوریا پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا درێژ دەکرێت.
د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، لەبەرژەوەندی تورکیا نییە دژایەتی کورد بکات و ئەمەشی ناوێ، بۆ ئەوەی نەیارانی پاڵپشتی کورد نەکەن لە دژی.
لەکاتێکدا فشارەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ناو بە ناو چڕتر و هەندێکجاریش دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام هێزە کوردییەکانی سوریا یەکدەنگ نین و هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە ئەو هێزانە لە ژێر کاریگەری لایەنە کوردییەکانی عێراق و پەکەکەدان.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە نزیکایەتی پەکەکەو ئەنجومەنی نیشتمانی سوریاش بە نزیکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دادەنرێت، لەکاتێکدا پارتی و پەکەکە وەکو دوو هێزی رکابەرو نەیار هەژمارد دەکرێن.
د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: کوردی سوریا وابەستەیی لەگەڵ کوردی عێراق و تورکیادا هەیە، ئەنەکەسە گوێڕایەڵی پارتی دەکات و ئەوانیتریش لە ژێر کاریگەری پەکەکەدان.
دەشڵێت: ئەگەر کوردی سوریا یەکگرتوو بن، دەتوانن لە سوریا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، چونکە خاوەن هێز و پێگەن و پێکهاتەیەکی گرنگن، هەرچەندە تورکیا دژیانە، بەڵام گەر هەسەدەو ئەنەکەسە ناکۆک بن زۆر شت لەدەست دەدەن.
بەڕای چاودێران، داهاتووی دەسەڵاتی کورد لە سوریاو هەرێمی کوردستانیش گرێدراوە بە پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، کە لە ئێستادا تا ڕادەیەک کورد پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە.