پسپۆڕێکی بواری کەشوهەوا بۆ پەنجەرە: بارانی زۆر زیان بە خاک دەگەیەنێت و ماددەی ئۆرگانی تێدا ناهێڵێت 

١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ

پسپۆڕێکی بواری کەشوهەوا بۆ پەنجەرە: بارانی زۆر زیان بە خاک دەگەیەنێت و ماددەی ئۆرگانی تێدا ناهێڵێت 

پەنجەرە

پسپۆڕێکی بواری ژینگە و کەشوهەوا ئاماژە بەوەدەکات، وشکە ساڵی و زۆری دابارین لە ماوەیەکی کەمدا دەرئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوایە، ئەمەش زیانی گەورە بە خاک دەگەیەنێت و ماددەی ئۆرگانی لە خاکدا ناهێڵێت.

د. عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی بواری ژینگە و کەشوهەوا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: جاران باران نم نم و لەکاتی خۆیدا دەباری، لە مانگێکدا 25 تا 50 ملیم باران دەباری و خاک سودی لێدەبینی. ئێستا گرفتەکە ئەوەیە باران درەنگ دەبارێت و لە ماوەیەکی کەمدا سەرووی 70 ملیم دەبارێت.

دەشڵێت: زۆری باران بارین لەماوەیەکی کەمدا گرفت بۆ خاک دروست دەکات، دەبێتە هۆی شیبونەوەی خاک و ڕۆیشتنی لەگەڵ لافاودا، ئەمەش ڕاماڵین دروست دەکات و زیان بە کواڵێتی خاک دەگات، دواجار ماددەی ئۆرگانی لە خاکدا نامێنێت.

جەختیکردەوە: بەشی سەرەوەی خاک دەوڵەمەندە بە ماددەی ئۆرگانی، بەڵام زۆری باران بارین وادەکات ئەو مادەیە لەگەڵ لافاودا بڕوات.

بەپێی وتەی پسپۆڕەکەی بواری ژینگە و کەشوهەوا، ئەو ڕێژە بارانە زۆرەی باریووە دەبوایە لە ڕێگەی بەنداو و پۆندەوە سودی لێببینرایە، چونکە کەشوهەوا گۆڕاوە و ڕەنگە ساڵانی داهاتوو وشکە ساڵی بێت.

د. عەبدولموتەلیب دەڵێت: بەداخەوە سودمان لەو بارانە زۆرە نەبینی و ئاوەکە بە فیڕۆچوو، جگە لە زیانە مرۆییەکانی لافاو دابارینی زۆر زیانی بە خاکەکەشمان گەیاند.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو