ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە؛ هێشتا پێکهاتەکان کاندیدی سێ سەرۆکایەتییەکەیان یەکلایی نەکردووەتەوە
١٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەوانەی دادگای فیدراڵی کردووە بەمەبەستی پەسەند کردن، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکە لەلایەن دادگاوە وادەی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە دێتە پێشەوە.
بەپێی دەستور و یاسا بەرکارەکانی عێراق، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجام بدات و کۆبوونەوەکە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەڕێوە دەبرێت.
ئەگەر لایەنە سونەکان ڕێککەوتبن لەسەر کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنەکەدا سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر ڕێکنەکەوتبن دانیشتنەکە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەوە بە کراوەیی دەهێڵرێتەوە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆک کۆماری عێراق بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، دواتر سەرۆک کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.
سەرۆک کۆماری نوێ لە نێو نوسینگەکەی خۆی یاخود لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراو بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات لەماوەی مانگێکدا، پاشان لە نێو پەرلەمان دەنگ بە کابینەی حکومەت دەدرێت.
سەرۆک کۆمار گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت کە چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەگەر کاندیدیان یەکلایی کردبێتەوە ڕاستەوخۆ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەگەر یەکلاییان نەکردبێتەوە دوا دەخرێت بۆ ئەوکاتەی ڕێکدەکەون.
لەکاتێدا ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەردەم دادگای فیداڵیدایە بۆ پەسەندکردن، بەڵام هێشتا سێ پيکهاتەکەی عێراق، شیعە، کورد و سونە کاندیدیان بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی نەکردووەتەوە.