عەلی باپیر بۆ پەنجەرە: هۆکاری پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد خۆ بەزلزانیی پارتی و لێنەزانیی یەکێتییە
١٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، هۆکاری پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان "خۆبەزلزانیی" پارتی و "لێنەزانینیی" یەکێتییە، دەشڵێت: پارتی حزبێکی لە خۆڕازییە و تەنها خۆیی لا پەسەندە.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەرکەس بە پارتی بڵێت پشتی چاوت ئەبرۆیە، جۆرەها پلانی لەدژ دەگێڕدرێت، من دوو قسەم کرد، دونیایان لێهاتە یەک و خۆیان تێکدا، لەکاتێکدا قسەکانم زۆر ئاسایی بون.
دەشڵێت: "پارتی دەڵێن کەسمان لەسەر ئاستی سیاسی قسەمان نەکردووە، ئاستی سیاسی چی؟ هەرچی جنێوفرۆش و کرێگرتەیە ڕاتانسپاردوون لە دژمان، ئەگەر ئێوە پارەیان پێنەدەن بۆ لە خۆڕا جنێو بە ئێمە دەدەن؟"
جەختیشیکردەوە: هۆکاری پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد خۆبەزلزانیی پارتی و لێنەزانینی یەکێتییە.
سەبارەت بە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، عەلی باپیر وتی: ناکۆکی نێوانیان قوڵە و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی حزبییەوە بیر دەکەنەوە، بۆیە بەدووری دەزانم بە ئاسانی بگەن بە ئەنجام، مەگەر فشاری دەرەکی لەسەریان دروست ببێت.
هەروەها وتیشی: فشاری ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ کاریگەری هەیە، چونکە ئەوان بە ئیرادەی خۆیان بەڕێوە ناچن، بۆیە دڵخۆش نیم بە دۆخەکە و گەشبینیش نیم.
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ پەنجەرە، عەلی باپیر وتی: عەقڵ و دڵی سیاسییەکان بچوکن، بیر لە کاری گەورە ناکەنەوە و لەبازنەی تەسکی بەرژەوەندی خۆیاندا دەخولێنەوە، بەو عەقڵەش هەر ئەوەندە دەکرێت کە پێشتر کراوە.