"هەڕەشەیە بۆ سەر خێزان"؛ عێراق یاری "لودۆ"ـی قەدەغە کرد

٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:١٥ پێش نیوەڕۆ

"هەڕەشەیە بۆ سەر خێزان"؛ عێراق یاری "لودۆ"ـی قەدەغە کرد

پەنجەرە

وەزارەتی گەیاندنی عێراق، بڕیاری قەدەغەکردن (بلۆککردن)ـی یاری ئەلیکترۆنی "لودۆ"ـی لە سەرجەم تۆڕەکانی ئینتەرنێتی وڵات دەرکرد و هۆکارەکەشی بۆ "پاراستنی خێزانەکان" گەڕاندەوە.


یاری لودۆ چییە؟

یاریی لودۆ بریتییە لە ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنیی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان، کە هەمان یاریی لودۆی کلاسیکی دەگوازێتەوە بۆ جیهانی ئینتەرنێت و ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لەگەڵ هاوڕێیان یان یاریزانانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا ڕکابەری بکەن. 

ئەپڵیکەیشنە بەناوبانگەکانی وەک "Yalla Ludo" و "Ludo King" چەندین تایبەتمەندیی وەک گفتوگۆی دەنگی، ژووری چات، و شێوازی جیاوازی یاری (وەک تاکەکەسی یان بە کۆمەڵ) لەخۆدەگرن، بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتی و کاتبەسەربردن.


هۆکاری قەدەغەکردنەکەی

وەزارەتی گەیاندنی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "یارییەکە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی قوڵ لەنێوان هاوسەران و خێزانەکاندا، بەهۆی ئەو سیستەمە گرەوکردنەی (قومار) کە تێیدا پەیڕەو دەکرێت و دەبێتە هۆی ئەنجامدانی کاری مەترسیدار."

بەپێی بەیاننامەکە، بڕیارەکە دوای چاودێریکردنێکی ورد دێت، کە دەرکەوتووە ژوورە دەنگی و چاتییەکانی ناو یارییەکە (وەک ئەپڵیکەیشنەکانی Yalla Ludo و Ludo King) بوونەتە ژینگەیەک بۆ هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو و لەخشتەبردنی ڕەگەزیی، کە ڕاستەوخۆ هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی خێزان.

بەوتەی شارەزایان، گرفتی سەرەکی گۆڕینی یارییەکەیە بۆ سەکۆیەک بۆ قومار و گرەوکردنی دارایی لەلایەن گەنجانەوە، ئەگەرنا یارییەکە خۆی ئەپێکی کاتبەسەربردنە.

پێشتریش هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە کە پیاوێکی عێراقی بەهۆی ناکۆکی لەسەر یارییەکە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەستاوە بە کوشتنی ژنەکەی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو